بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا هەردوو وەفدی دانوستانكاری یەكێتیو گۆڕان سەبارەت بە حكومەتی خۆجێی سلێمانیو هەڵەبجە كۆببنەوەو ئەندامی باژێروانی گۆڕانیش دەڵێت لە ئیستحقاقی هەڵبژاردن زیاتر دراوە بە پارتی.
لەتیف شێخ عومەر لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی و ئەندامی وەفدی دانوستانکاری ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیەتی سلێمانی، راگەیاند: دوای یادەکانی راپەڕین کۆبوونەوەیەک لەگەڵ برادەرانی گۆڕان دەکەین بۆئەوەی ھەڵوێستمان یەکبخەین سەبارەت بەوەڵامەکەی لیستی پارتی".
وتیشی: "بۆ گەیاندنی ئەنجامی کۆبوونەوەکە، یان لەگەڵ برادەرانی پارتی کۆدەبینەوە، یاخود بەنامەیەک وەڵامیان دەدەینەوە".
پێشتر ئاسۆ مەحمود باژێروانی سلێمانیی و ئەندامی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیەتی سلێمانی، بە SNNی راگەیاندبوو: بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، تەنھا رێککەوتنمان لەگەڵ پارتی ماوە، چونکە پارتی داوای قایمقام و جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە دەکات، ھەرچەندە لای ئێمەوە پۆستەکان یەکلایی بۆتەوەو ئیستحقاقی ھەڵبژاردن بەزیادەوە دراوە بە پارتی، بەڵام پارتی رازی نین لەکاتێکدا دەزانن کە ئیستحقاقی خۆیان وەرگرتووە.
سەبارەت بەمیکانیزمی گفتوگۆکان، لەتیف شێخ عومەر وتی: "ئێمە لەگەڵ برادەرانی گۆڕان و لیستی خزمەت و برادەرانی پارتیش لەسەر دوو بنەمای سەرەکی گفتوگۆمان کردووەو دەیکەین، یەکەم: بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردنە، دووەم: پارێزگای سلێمانی یەک پاکێجە بەئیدارەی راپەڕین، گەرمیان و ھەڵەبجەشەوە، بۆیە دابەشکردنی پۆستەکان لەم سنوورەدا پارچە پارچە ناکرێت".
سەبارەت بەوەی کە ئایا لەم کۆبوونەوەدا بڕیاری کۆتایی دەدرێت لەبارەی رێککەوتنی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیەتی سلێمانی، لەتیف شێخ عومەر وتی: "ئێمە ئەوپەڕی ھەوڵدەدەین بەزووترین کات ئەو مەسەلەیە یەکلایی بکەینەوە، بەڵام راستییەکی دیکەش ھەیە ئەویش ئەوەیە کە کوردستان یەک پارچەیەو ئەوەی لەھەولێرو دھۆک روودەدات، بەدەر نییە لەوەی کە لەسلێمانی روودەدات، ئێمە چاوەڕێی ئەوەین پارتی و لیستی پارتی ئەوەی لەسلێمانی داوای دەکات زۆر لەوەش کەمتر لەپشکی خۆی لەھەولێرو دھۆک بۆ لیستەکانی دیکە دابینی بکات".
زیاتر لە ١٠ مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگەکان لەھەرێمی کوردستان کراوەو تائێستاش بەشێک لەلایەنەکان رێکنەکەوتوون لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان خۆیاندا.