باشوری کوردستان سەرباری شەڕی داعش و هاوسۆزی لەگەڵ پێشمەرگەو خێزانی شەهیدەکان، پاش نیوەرۆ ئەمرۆ لەهەر پێنج پارێزگاکە ئاگر کرایەوە، سبەینێش کوردانی هەر چوار پارچە چاوەروانی وتارەکی ئۆچ ئالان و ژمارەی بەشداربووانی ئاهەنگی نەورۆزن لە ئامەد دەکەن.
ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوەو هاوڵاتیان ڕژانە شوێنە گشتیەکان، سروشتی ئاهەنگی ئەمساڵ لە باشور زیاتر سروشتێکی بەرگری و پاڵپشتی بوو بۆ هێزی پێشمەرگە و زۆربەی سروودو گۆرانییەکانی ئاهەنگەکان تایبەت بوون بە سروودی نیشتمانی و سروود بۆ پێشمەرگە.
لەباکور بەتەواوی ئاهەنگی یادکردنەوەی نەورۆز جیاوازە بەو پێیەی ساڵێک بەسەر پرۆسەی ئاشتیدا تێدەپەڕێت و هاوڵاتیانی کورد چاوەڕێی وتارەکەی سبەی ئۆچ ئالان و هاوکات ئەو توانا مرۆیانەوەن کە هێزە کوردییەکانی باکور دەتوانن کۆی بکەنەوە، چونکە مانگی ٧-٢٠١٥ تورکیا هەڵبژاردنێکی چارەنووس ساز بەتایبەتی بۆ کوردو بۆ پرۆسەی ئاشتی بەخۆیەوە دەبینێت.
بە پێی بۆچوونی چاودێران وتاری سبەینێ ٢١-٣ سەرکردەی دەستگیرکراوی باکور عەبدوڵا ئۆچ ئالان گرنگی خۆی هەیە، پێش مانگێک لەمەوبەر لە نامەیەکدا ئۆچ ئالان داوای چەک دانانی لە پەکەکە کرد، سەرکردەکانی قەندیل راڤەی تریان بۆ نامەکە کردو پرسی چەک دانانیان بەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتیەوە.
هەر بۆیە وتاری سبەی بۆ پەکەکەو باکورو تورکیا گرنگە، رەنگە راڤەی نامەی پێشووی تیابێت، یان جەخت کردنەوە لەسەر چەک دانان کە بەپێی بۆچوونی چاودێران چەک دانانی بێ ئاشتی دەچێتە خانەی بەرژەوەندی ئاک پارتی دەسەڵاتدارەوە.
باشور