سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار رایگەیاند " هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاری گۆڕان لە ناو هۆڵی پەرلەمان پەیامێکی دەزگای پاراستن بووە".
ئەو سەرچاوەیە سیاسیە لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی" ئەو رووداوە لەو ئان و ساتەدا روویەنداوەو پێشوەخت پلانی بۆ دانراوە".
سەبارەت بە سەلماندنی ئەو بۆچوونە سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات " پلانان دانانی پێشوەخت و لێدانی عەلی حەمە ساڵح لەناو هۆڵی پەرلەماندا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە عەلی و هاوشێوەکانی زۆر رۆشتن و پێویستە بزانن کە قسەکردن لەسەر بارزانی سنوری هەیە".
ناوەرۆکی مەسیجەکەی پاراستنیش جگە لە گۆڕان گەیاندنی پەیامێک بۆ پەرلەمانتارانی لیستەکانی تر کە مەودای قسەکردن لە پەرلەماندا سنوردارە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد کە پارتی لەم بارودۆخە بەتایبەتی کە پرسی ماوەی درێژکردنەوەی بارزانی نزیک بۆتەوە، کەشێکی ترس بەسەر پەرلەماندا بسەپێنێت.
سەرچاوەکەی سپی پێیوایە ئەو مەسجەی پاراستن تەنها لەوێدا ناوەستێت، بەڵکو پەیامە بۆ هەموو حیزبەکان و سەرکردایەتیەکانیاشیان.
ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند رۆژی پێش رووداوەکە فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیدا کۆبوونەتەوە.
سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە رەنگە باڵی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەم رووداوەدا نەبێت، بەڵکو باڵەکەی تر لەگەڵ ئەو هەڵسوکەتەدا بووبێت.
سەبارەت بەسەلماندنی ئەم رایە، سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە ئەگەر ئەو دوو پەرلەمانتارە" نازم و کەبیر و مەردان خدر " سزای حیزبی نەدرێن ئەوا بەتەواوی پلانی پشت ئەو هێرشە روون دەبێتەوە.
سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە تائێستا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئیدانەی هەڵوێستی ئەو دوو پەرلەمانتارەی خۆیانی نەکردووەو هەر تەنها لەوەدا وەستاونەتەوە کەئەوە "هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی نییە".
لە کاتێکدا دەزانن ئەوەی کراوە هەڵەیەو ئەوان دەستدرێژیان کردۆتە سەر پەرلەمانتارەکەی گۆڕان.