بەیاننامەی لڤین سەبارەت بە راگرتنی گۆڤارەكەیان لە هەولێر

لڤین لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی كۆكردنەوەی ژمارەی نوێی گۆڤارەكەیانەوە لە شاری هەولێر، دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شارەوە بە بەرپرس دەزانێت و داواش دەکات چارەنوسی ئەو ژمارە ئەنفالکراوەی ئاشکرا بکرێت.


بەیاننامەی گۆڤاری لڤین

سەبارەت بە دەست بەسەراگرتنی گۆڤاری لڤین لە شاری هەولێر

بۆ/ جەماوەری ئازایخوازی كوردستان

پەرلەمانی كوردستان

دەستەی مافی مرۆڤ  لە هەرێمی كوردستان

داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان

 نوسینگەی یونامی لە هەرێمی كوردستان

كونوسڵگەریەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا وسوید و هۆڵەندا و وڵاتانی دیموكرات لە هەرێمی كوردستان

رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور

رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی

رێكخراوەكانی بواری ئازادی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین
بابەت: ئاگاداركردنەوە و ناڕەزایی

هەمولایەك ئاگادار دەكەینەوە كە دوێنێ‌ هێزێكی نەناسراو بە بەرگی مەدەنیەوە هەڵیانكوتاوەتە سەر كۆمپانیای (بڵاڤ پەیك) و دەستیانگرتوە بەسەر ژمارە (299) ی گۆڤاری لڤین و پێچاویانەتەوە و بردویانە.لەكاتێكدا بارەگای ئەو كۆمپانیایە لە ناوەڕاستی شاری هەولێردایە و تەنها چەند مەترێك لە بینای پارێزگاوە دورە.

رێكخراو و لایەنە ئازادی دۆستەكان، دەست بەسەراگرتنی گۆڤاری لڤین لەكاتێكدایە كە چەند رۆژێكی كەممان ماوە بۆ ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی، كەچی لەبری چەپكەگوڵی پیرۆزبایی جارێكی دیكە میدیای كوردی كەوتۆتە ژێر هەڕەشەی نەیارانی.

بەداخەوە ئەوە بۆ چەندەهەمین جارە كە گۆڤاری لڤین دەكەوێتە بەر شاڵاو مەترسی دوژمنەكانی ئازادی و رۆژنامەگەری. دوێنێ‌  سۆران و سەردەشت و كاوەیان شەهید كرد و ئەمڕۆش لە هەولێر دەست بەسەر گۆڤارەكەیدا گیرا و نەهیڵراوە دابەشبكرێت.

ئێمە لە گۆڤاری لڤین توشی شۆك بوین كاتێك بیستمان لە هەرێمی كوردستان هێشتا هێزگەلێك هەن جورئەتی ئەوەیان هەبێت بە رۆژی روناك دەست بۆ میدیای ئازاد بەرن و تەحەدای ئازادی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكەن و سەروەری یاسا بخەنە ژێر پرسیارەوە.

بەرێزان، ئێمە وایدەبینین كە ئەمە زەنگێكی مەترسیدارە وەك زەنگە مەترسیدارەكانی پێشو لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری لە كوردستاندا.بۆیە داوادەكەین بە هەموو لایەك رێگە بگرن لە دەستەكانی تیرۆری ئازادی لە كوردستان و ئەم كردەوەیە ئیدانە بكەن و فشار بخەنە سەر دەزگا ئەمنیەكان بۆ ئەوەی لەرێگەی یاساییەوە بدرێنە دادگا و هەوڵەكانیشمان بۆ ئەوەبێت كە ئەم كردەوە دژە ئازادییە هەروا بە سانایی تێنەپەڕێت.

ئێمە لەم كردەوە قێزەونەدا حكومەتی  هەرێم و دامودەزگا ئەمنیەكانی شاری هەولێر بە بەرپرسیار دەزانین ، بۆیە دەبێت لەسەر ئەم دەست درێژییە حكومەتی هەرێم  رونكردنەوەی خۆی بە هەموولایەك بدات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بكات و چارەنوسی گۆڤارە ئەنفالكراوەكانی لڤینیش ساغ بكاتەوە و بێگیڕێتەوە بۆ نێو كتێبخانە و بازاڕەكانی كوردستان.

جەماوەری كوردستان، ئازادی خوازانی دونیا ، لەم تەحەدا گەورەیەدا بۆسەر ئازادی رۆژنامەگەری داوای پشتیوانی و هاوهەڵویستی دۆستەكانمان لەرێكخرا و میدیا و كەسانی ئازادیخواز دەكەین و هیوادارین بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە بەرامبەر ئازادی رۆژنامەگەری بەرگری لەم كەیسە بكەن كە بەر لەهەموو كەس و دەزگایەك پرسی ئازادی رادەربڕین و دەنگی ئازادە لە هەرێمی كوردستان.

نوسینگەی گۆڤاری لڤین



PM:04:34:11/04/2015