بارزانی: ٢٠ هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار كردووە

بارزانی لە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیادا ڕایگەیاند، هێزی پێشمەرگە لەماوەیەکی کەمدا توانیویەتی "تیرۆریستان" تووشی شكستی گەورە بكات و ٢٠ هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە لە دەستیان ڕزگاربکات.

ئەمڕۆ شەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ماركوس گرووبڵ جێگری وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری كرد.

 بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکدا "وەفدی ئەڵمانیا ستاییشی ڕۆڵ و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە،کە وەفدی ئەڵمانیا ڕایگەیاندبووە" قوربانییەكانی پێشمەرگە بە قوربانیی خۆیان دەزانن چونكە پێشمەرگە لە بری هەمووان شەڕی تیرۆریستان دەكەن".

هەروەها جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بەردەوامبوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و هاوكاریی و مەشقی سەربازیی پێشمەرگە.

مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتیكردەوە كە هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیا لە شەڕی دژی "تیرۆریستاندا" زۆر كاریگەر بووە.

بارزانی ڕاشیگەیاند، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی لە ماوەیەكی كەمدا "تیرۆریستان" تووشی شكستی گەورە بكات، كە كوردستان لەشەڕی "تیرۆریستاندا" قوربانییەكی زۆری دا.




PM:05:40:11/04/2015