پەرلەمان بەدواداچوون بۆ کێشە ڕۆشنبیرییەکانی سلێمانی دەکات

لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی بەدواداچوونی بۆ کێشە رۆشنبیریەکانی سلێمانی سەردانی ئەو شارە دەکات.

راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێک سلێمانی وەک پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ناساند، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕە بودجەیەکی بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ڕۆشنبیریی سلێمانی دابینکرد. بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بەو بودجەیە سەرفبکرێت.بۆ بەدواداچوونی ئەو کێشەیە و گرفتەکانی تری  بواری ڕۆشنبیریی و هونەریی، ئەمڕۆ ٢ شەممە ٢٠ی نیسان لیژنەی ڕۆشنبیریی و هونەریی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی فەرحان جەوهەر سەرۆکی لیژنەو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنە، سەردانی شاری سلێمانیان کرد.

 لەسەرەتادا لەگەڵ د.ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی کۆبوونەوە، لە دانیشتنێکدا پەرلەمانتاران و پارێزگاری سلێمانی، کێشە و گرفتەکانی بەردەم کارو چالاکی هونەریی و ڕۆشنبیرییان تاوتوێ کرد. پارێزگاری سلێمانی پشتیوانی پارێزگای بۆ کارو بەدواداچوونەکانی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمان دوپاتکردەوەو هیوای خواست بە هەردولا بتوانن گرنگی زیاتر بە بوژانەوەی ژێرخانی ڕۆشنبیریی سلێمانی بدەن.

دواتر شاندەکە سەردانی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان کردو لە دانیشتنێکدا هەردوو لا پێکەوە باسیان لە چاودێریی و بە دواداچوون بۆ گرفتە ڕۆشنبیرییەکانی سلێمانی کرد. پاشان لیژنەکە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی کۆبوونەوەو باس لە گرفت و تەنگەژەکانی بەردەم کاری ڕۆشنبیریی و هونەریی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کرا، بەرپرسانی ڕۆشنبیریی و هونەر ئاماژەیان بە لەمپەر و کۆسپەکانی بەردەم کاری هونەریی و ڕۆشنبیریی کرد، بەتایبەتیش دوای ئەو قەیرانە داراییە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

شاندی ڕۆشنبیریی پەرلەمان بڕیاریاندا سەرجەم کێشە ڕۆشنبیرییەکانی سلێمانی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزبکەنەوەو بەدواداچوونیش بۆ کێشە هونەریی و ڕۆشنبیرییەکانی سلێمانی بکەن.




PM:07:36:20/04/2015