"بەدواداچوون بۆ ئەو 20 ملیار دینارە دەكرێت كە بە ناڕوونی بۆ سلێمانی خەرج كراوە"
حەیات مەجید پەرخی
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد ئاشكرایدەكات بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی خەرجكردنی بڕی (20) ملیار دینار دەكەن، كە لە ڕابردوودا بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كولتووریی پارێزگای سلێمانی، لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە خەرج كراوە.
ئەندامی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (حەیات مەجید پەرخی)، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و هونەریی پەرلەمانیشە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو (20) ملیار دینارەی كە لە ماوەكانی ڕابردوودا لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كولتووریی پارێزگای سلێمانی تەرخان كراوە، سەردانی ئەو شارەیان كردووە، چونكە وەك ئەو گوتی: "تا ئێستا چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو بڕەپارەیە ڕوون نییە".
لە بارەی ئەو زانیاریانەی كە لە زاری پارێزگاری سلێمانییەوە گوێبیستی بوون، ئاماژەی دا:"بەپێی گوتەكانی پارێزگاری سلێمانی (3) ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی چەند هۆڵێك خەرج كراوە، هەروەها بڕی (5) ملیار دینار بۆ دروستكردنی مەسرەحی ڕۆمانی تەرخان كراوە، بەڵام تا ئێستا ئەم كارە تەنیا ناوە و نەبووەتە پڕۆژە".
(پەرخی) گوتیشی: "بۆ دڵنیابوون و بەدوداچوونی ئەم بابەتە داوای ڕوونكردنەوە و ڕاپۆرتی وردەكاریی خەرجییەكانمان لە پارێزگاری سلێمانی كردووە، بڕیاریشە لە داهاتوویەكی نزیكدا لەگەڵ بۆردی ڕۆشنبیریی پارێزگای سلێمانیدا بۆ هەمان مەبەست كۆ ببینەوە".
AM:11:09:22/04/2015