سەرۆکی پەرلەمان: زمان ناسنامەی نەتەوەیە

ئەمڕۆ سەرۆک و ئەندامانی بنکەی ژین بۆ بوژاندنەوەی کەلەپووری بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی کوردی، کە ئەمڕۆ ٥ شەممە ٢٣ی نیسان، سەردانی تەلاری پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە پێشوازیکران.

 لە دانیشتنێکدا، د.یوسف محمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی بایەخی بووژاندنەوەی کەلەپووری کوردی و ڕۆژنامەوانی کوردی، وتی "پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ دەرکردنی پڕۆژەی یاسا لە بوارە جیاوازەکاندا، لایەنی فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی فەرامۆش نەکردووە و بایەخی تایبەتی پێدەدات، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پرۆژە یاسا و بڕیارێکی تایبەتمەند بەو بوارە لە بەرنامەی کارکردنی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستاندایە.

 سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە بایەخی لایەنی فەرهەنگ و زمان کرد و وتی "زمان ناسنامەی نەتەوەیە، بە بێ بوونی زمانێکی دەوڵەمەند ناتوانین پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەییمان بکەین، هەربۆیە لە پەرلەمان یاسای زمانە فەرمییەکانمان دەرکرد، کە بە یاسا زمانی کوردیمان وەک زمانێکی فەرمی ناساند.

ڕەفیق ساڵح، سەرۆکی بنکەی ژین، سوپاسی پەرلەنی کوردستانی کرد، کە لەم خولەدا بە بایەخەوە لەکاری فەرهەنگی وفۆلکلۆری دەڕوانن، داواشی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی دەستنووس و فۆلکلۆری کوردی  دەربکەن، بۆ ئەوەی دەستنووس و فۆلکلۆر وەک سەرچاوەیەکی گرنگی نەتەوایەتی بپارێزرێت.



PM:02:16:23/04/2015