هەر بریندارێكی چەكی كیمیایی كۆچی دوایی بكات بە شەهید هەژماردەكرێت

لەكۆبوونەوەیەكی لیژنەی بەجینۆساید ناساندنی ئێزیدییەكان‌و لیژنەی كاروباری پێشمەڕگە بڕیاردرا كە هەر بریندارێكی چەكی كیمیایی كۆچی دوایی بكات بە شەهید هەژمار بكرێت.

بە مەبەستی زانینی دوایین كارەكانی لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە جینۆسایدناساندنی ئێزدییەكان، سەعات 10:30ی پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ‌و شەهیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی ئاری محەمەد هەرسین سەرۆكی لیژنە ‌و ئامادەبوونی جێگرو بڕیاردەر ‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەكە، لە هۆڵی لیژنە لە تەلاری پەرلەمان، لەگەڵ لیژنەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی  شنگال كۆبوونەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا لیژنەكەی حكومەتی هەرێم كە پێكهاتبوو لە هەریەك لە مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و محەمەد هاودیانی وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، دوایین كارەكانی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی شنگال-یان بۆ لیژنەی كاروباری پێشمەرگەو شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید خستەڕوو.

لە لێدوانێكدا بۆ سایتی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، ئاری محەمەد هەرسین سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ‌و شەهیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا كێشە و گرفتەكانی زیندانییانی سیاسی و بریندارانی چەكی كیمیایی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و بڕیاریشدرا كە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا جارێكی تر لەگەڵ لیژنەكە كۆببینەوە بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە كارەكانی ئەو لیژنەیە".

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، تایبەت بە سایتی پەرلەمان رایگەیاند: "دوایین لیستی بریندارانی چەكی كیمیایی (400) كەس بوون سەرجەمیان رەزامەندی مووچەی مانگانەیان بە بڕی (400) هەزار دینار بۆ دەرچووە، هەروەها هەر بریندارێكی چەكی كیمیایی كۆچی دوایی بكات ئەوا  بە شەهید هەژماردەكرێت".



PM:03:13:29/04/2015