"دەبێت خاوەنكار شوێنێکی شیاوی کارکردن بۆ کرێکاران دابین بکات"

‌سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی رۆژی یەكی ئەیار رۆژی جیهانی كرێكار بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە.

دەقی بەیاننامەكە:

پیرۆزبێت یەک ئایار

بەبۆنەی ١ی ئایار، جەژنی کرێکارانی جیهان، پیرۆزباییەکی گەرم لە کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین، ئێستا یەکی ئایار لە جیهاندا بووەتە سیمبولی بەرخودان و کۆڵندەدانی کرێکاران لە پێناو بەدیهێنانی ماف و ڕەنجی ماندوویەتی و خەبات و بەرخودانیان.
ئەمساڵ یادی(١ی ئایار) لە کاتێکدا دەکرێتەوە، کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی ئابووری سەختدا تێدەپەرێت و ڕۆژانە هەلی کار بۆ کرێکارانی کوردستان کەمتر دەبێتەوە، بەتایبەتیش وەستانی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان، هیوادارین ئەم قەیرانە داراییە قۆناغێکی ڕاگوزەر بێت و هەل و دەرفەتی کار بۆ کرێکاران لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت.
لە بواری پاراستنی ماف و ئەرکەکانی کرێکاران و خاوەن پیشە تایبەتەکان، لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردن و گفتوگۆکردنە لەسەر یاسایەکی تایبەت بە بیمەی کۆمەڵایەتی و بێکاری و تەندرووستی و پاراستنی مافی کرێکاران و دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆیان. دەرکردنی ئەم یاسایە لەپەرلەمانی کوردستان دەبێتە وێستگەیەکی گرنگ لە بەدەستهێنانی مافەکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستاندا.
سەبارەت بە شوێنی کارکردن و بژێوی کرێکاران و قوربانیدان لەکاتی کارکردنیاندا، پەرلەمانی کوردستان دەخوازێت خاوەنکار و کارگەو شوێنە تایبەتمەندەکان شوێنێکی شیاوی کارکردن بۆ کرێکاران دابین بکەن، چونکە بەداخەوە ئامارەکانی قوربانیانی کرێکاران لەکاتی کارکردنیاندا مایەی نیگەرانییە.

دوبارە پیرۆزبێت ١ی ئایار جەژنی کرێکاران.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
١ی ئایار




PM:02:28:01/05/2015