دەستمانكراوە بەلێكۆڵینەوە لەو بڕە پارەیەی‌ بەغدا بۆ هەرێمی ناردوە

ئارام شێخ محەمەد، جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەستیانكردوە بە لێكۆڵینەوە لەو بڕە پارەیەی‌ بۆ هەرێم نێردراوە لەلایەن بەغداوە.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە وێنەیەكی بۆ سپی میدیا نێردراوە، جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندوە: جیاوازی‌ لەنێوان بڕی‌ نەوتی نێردراو و پارەی‌ تەسلیمكراو هەیە، ئێمە خەریكی ئیستیفسارین و رەنگە بە عەبادی بڵێن ئەو فەرقە بۆچی‌ هەیە.

وتیشی: بەپێی‌ ئەو زانیاریانەی‌ لە بەردەستی‌ ئێمەدایەو لە وەكیلی‌ وەزارەتی نەوت وەرگیراون، لە مانگی نیساندا 495 هەزار بەرمیل نەوتی‌ هەرێم لە رۆژێكدا خراوەتە سەر حسابی سۆمۆ، بەم پێیە پێویستە بڕی ئەو پارەیەی‌ بۆ هەرێم نێردراوە كە 543 ملیار دینارە، زۆر زیاتر بێت.

هەر لەو لێدوانەدا ئارام شێخ محەمەد لە زاری‌ سەرۆكی حكومەتی عێراقیەوە ئاشكرایكردوە، كە خەرجی سیادی و موچەی‌ كەركوك لە پارەی‌ ئەو بڕە نەوتە دەبڕدرێت و ئەوەی‌ ماوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، ئێمەش لە ئێستادا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین لەوبارەیەوە تا بزانین بۆچی وایە؟.




AM:12:50:08/05/2015