جەعفەر ئیمینكی بەدەست سەرۆكایەتی پەرلەمان سكاڵایەتی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گلەیی لە سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەكات كە بۆ كۆبوونەوەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆك فراكسیۆنەكان ئاگادار نەكراوەتەوە‌و ئەمەش چەند جارێكە دووبارە دەبێتەوە.

لەو روونكردنەوەدا هاتووە : ئەمرۆ پێنچ شەممە ١٤/٥/٢٠١٥ هەواڵی کۆبونەوەی سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بڵاوکرایەوە گوایە لەو کۆبونەوەیە بەرێز جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئامادەنەبوە

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەروها دەنوسێت: لێرەوە بەتەواوی دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی رادەگەێنین تاکە هۆکاری ئامادەنەبوونی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەو کۆبونەوەیە ئاگادارنەکردنەوەی بوە لەلایەن بەرێزان سەرۆک و سکرتێر یاخود نووسینگە بەرێزەکانیان کەبەداخەوە ئەمە چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە

ئاماژە بەوەش دەكات: وەک هەموولا دەزانن پەرلەمانی کورستان لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی کارەکانی بەڕێوەدەچێت و ئەم خولەی پەرلەمان و کابینەی حکومەتەکەی لەسەر بنەمای تەوافوقی نێوان پێکهاتەکان و فەرامۆش نەکردنی هیچ کەس و لایەنێکە بۆیە ئاگادار نەکردنەوەی بەرێز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەکۆبونەوەیەکی وا گرنگ و هەستیاردا پتر لەمانایەک هەڵدەگرێ و بەهیچ جۆرێک مایەی قبوڵ کردن نیەو دووپاتی دەکەینەوە ئەنجام دانی ئەو جۆرە کۆبونەوانە بێ ئاگادارکردنەوەی ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان چ لەئێستا و چ لەئایندە ئاکامەکەی نەزۆک دەبێ و هیچ بەرهەمێکی لێ شین نابێ



PM:03:19:14/05/2015