لێدوانی وەزیری دارایی سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران


بەوتەی وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەغدا بەشێك لە بودجەی هەرێم كەمدەكاتەوە و بە تەواوی مووچەی فەرمانبەران نانێرێت.

رێباز حەملان ؛وەزیری‌ دارایی‌ و ئابووری هەرێم؛ ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لە پەرلەمانی كوردستان لە میانی گفتوگۆكردن دەربارەی پڕۆژە یاسای ڕاكێشانی (مایە) لە ڕێگەی قەرزی دەرەكییەوە وتی: "70%ی بودجەی‌ هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی‌ فەرمانبەران دەڕوات".

وتیشی‌: "بەغدا ئەم مانگەش ڕێژەیەك لە بەشە بودجەی‌ هەرێم دەبڕێت و تا ئێستاش مووچەی‌ تەواوی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمی نەناردوە، چونكە بەغدا تەنها مووچەی فەرمانبەران ئەژماردەكات، كە (540) ملیار دینارە، نەك سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم، كە ئێمە مانگانە (860) ملیار دینار دەدەینە مووچە".

دەربارەی پڕۆژە ڕاگیراوەكانیش، وەزیری دارایی و ئابووری ئاشكرای كرد: "بەهۆی‌ قەیرانی‌ داراییەوە شەش هەزار پڕۆژە لە هەرێم ڕاگیراون".




PM:05:33:02/06/2015