لە دوو تەقینەوەکەی ئامەد ١٦ کەس دەستوقاچیان بڕاوەتەوە

لە دوو تەقینەوەکەی ئامەد کە رۆژی ٦/٥ لە کۆبوونەوەیەکی گەورەی جەماوەری هەدەپەدا ئەنجامدرا ٤١٦ کەس برینداربوون، ٢٦٠ کەسیان تا ئێستا لە نەخۆشخانەن، ١٦ برینداریان قاچ و دەستیان بڕدراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ٤ کەس بوونە قوربانی.

دوو رۆژ بەسەر هەردوو تەقینەوەکەی کۆبوونەوە جەماوەریەکەی شاری ئامەددا تێپەڕ دەبێت، تا ئێستا ئاماری قوربانییەکان گۆڕنکاریان بەسەردا دێت و زانیاری وردتر بڵاودەکرێنەوە. بەپێی دوا زانیاری کە دەست سپی کەوتووە، ژمارەی بریندارەکان ٤١٦ کەسە، ٢٦٠ یان لەنخۆشخانە ماون، لەوانە ١٦ دەستوقاچیان بڕدراوەتەوە، ٤ کەسیش بوونەتە قوربانی.

تەقینەوەکە یەکێکیان لەناو عەرەبانەیەکی دەستیدا بووە کە ئاوی فرۆشتووە. تەقینەوەی دووەمیشیان لەناو تەنەکەیەکی خۆڵدا بووە کە بە ستونێکی کارەبایەوە هەڵواسراوە.

سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد هەر دوای تەقینەوەکان بە ماوەیەکی زۆر کەم فرۆکەی کۆپتەری پۆلیس گەیشتە ئاسمانی کۆبوونەوەکە( ئەمە زۆر مایەی تێڕامان بووە، کە چۆن وا زوو گەیشتووە).

هەروەها بۆ تێکدانی کۆبوونەوە جەماوەریەکە هێزەکانی پۆلیس دەستیان کرد بە غاز رشتن و هەڵدانی بۆمبی فرمێسکڕێژ بۆ ناو ئاپۆڕای خەڵکەکە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو کەسەی ئەم دوو تەقینەوەیەی ئەنجامداوە سەر بە حیزبی (هودا پارتە) کە پارتێکی کوردی ئیسلامی نزیک ئۆردوغانەو هەدەپە ئەو زانیارییەی ئاشکرا کردووە.
 
ئەمڕۆش سەرۆک وەزیران تورکیا ئەحمەد داود ئۆغلوو بە میدیاکانی راگەیاند کە سێکیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانە دەستگیرکردووە.




PM:12:48:07/06/2015