راگەیاندنی پەرلەمان لەسەر كڕینی چەك بۆ پاسەوانی پەرلەمانتاران

راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە كڕینی چەك بۆ پاسەوانەكانی ئەندامانی پەرلەمان روونكردنەویەك بڵاودەكاتەوە‌و رایدەگەیەنێت ئەوە بڕیاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە.

دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوە لە راگەیاندنی  پەرلەمانی كوردستان بۆ رای گشتی

بڕیاری داواكردنی چەك بۆ پاسەوانەكانی ئەندامانی پەرلەمان، بڕیاری  دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانەو تایبەتە بەدابینكردنی  چەك  بۆ پاسەوانەكانی ئەندامان نەك بۆ پەرلەمانتاران، ئەم پاسەوانانە بەبڕیاری یاسایی لەسەر میلاكی  وەارەتی ناوخۆ  دامەزراون، بەپێی یاسا  هەر پەرلەمانتارێك سێ پاسەوانی هەیە،بۆیە  پێویستبوو وەزارەتی ناوخۆ چەكی پێویستییان بۆ دابین بكات، بەڵام نەیكردووە،بۆیە بەنووسراو داوالە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كراوە كە كلاشینكۆف ودەمانچەیەك بۆ پاسەوانەكانی ئەندامانی پەرلەمان دابین بكەن، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات بەزووترین كات ئەو چەكانە دابینبكرێت وبەتایبەت كە لەم ماوەیەدا بەشێوەی راستەوخۆ وناڕاستەوخۆ هەندیك لە پەرلەمانتاران هەرەشەیان ئاراستە كراوە.

ئەم چەكانەی داواكراون دەبنە موڵكی پەرلەمان، نەك موڵكی پاسەوانەكان و لەگەڵ كۆتایی هەر خولێكی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تەسلیم بە بەشی پاسەوانی پەرلەمان دەكرێتەوە، لەسەر دامودەزگا پەیوەندیدارەكانیش پێویستە پارێزگاری  لە گیان و ئەمنیەتی  ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بكەن.  

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی پەرلەمان
14/7/2015



PM:04:09:14/07/2015