له‌رێگای خه‌نده‌قه‌وه‌ باشورو رۆژئاوا جارێکی تر له‌یه‌ک جیاده‌کرێنه‌وه‌

 جارێکی دیکە حکومەتی هەرێم دەست بە لێدانی خەندەق دەکات لەنێوان هەرێمی کوردستان‌و رۆژئاوا‌و ماڵپەرێکی نزیک پەکەکەش ئاشکرایدەکات "لەسەر ئاستی باڵا بڕیاری لەسەر دراوە".


 ماڵپەری NNS Roj ی نزیک پەکەکە بڵاویکردۆتەوە بەرپرسانی حکوومیی پارێزگای دهۆک، بە بەهانەی "پێشگرتن لە کەلوپەلی ‌قاچاخ"، دەستیان کردووە بە هەڵکەندنی خەندق لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە سنووری "ڕەبیعە"وە تا باکووری چیای شنگال درێژ دەبێتەوە. 

هاوکات بەرپرسێکی سنووریی ڕۆژئاوای کوردستان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی داخرانی سنوورەکانی "سمێڵکا" و "ڕەبیعە" لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمەوە، دەستنیشانی کرد کە هەرێم ڕێگە بە تێپەڕینی هیچ چەشنە کەلوپەلێک نادا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. 

 سەیفۆ دێرک، بەرپرسی پێشووی خاڵی سنووریی "سێماڵکا"، کە ئێستا لێپرسراوی کاروباری خاڵە سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە لێدوانێکدا رایگەیاندوە "زیاتر لە دوو مانگە سنووری سێماڵکا لە لایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە داخراوە و تەنیا ئیزن بەو هاووڵاتیانە دەدرێ لە سنوور تێپەڕن کە لە ڕۆژئاواوە دەیانەوێ بچنە باشوور".

به‌رپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو و بەر لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شاری مووسڵ لەلایەن داعشەوە، دەستیان بە هەڵکەندنی خەندەقێک لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کردبوو، ئەمەش کاردانەوەی په‌یه‌ده‌ و خه‌ڵکی رۆژئاوای لێکەوتەوە، دواتر دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال ئه‌و خه‌نده‌قه‌ له‌ زۆر شوێن پڕکرایه‌وه‌.



PM:12:51:15/07/2015