ڤیدیۆ.. هەشت ئەندامی داعش‌و قاعیدە لەسلێمانی دەستگیركران

هێزە ئەمنییەكان‌و دەزگای ئاسایشی سلێمانی توانیان لەماوەی رابردوودا هەشت ئەندامی گروپی داعش‌و رێكخراوی ئەلقاعیدە دەستگیر بكەن كە دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە.

بەپێی هەواڵێكی كەناڵی گەلی كوردستان هێزە ئەمنییەكان بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی، ئەو هەشت تیرۆریستیەیان لەچەند كات و ناوچەیەكی جیاوازی سلێمانیدا لەڕێگای زانیاری وردی هەواڵگرییەوە دەستگیركردووە.

بەپێی زانیاری دۆكیۆمێنتەكان، دوان لە تیرۆریستەكان سەركردەی باڵای داعش و موفتی ئەو گروپە بوون.

یەكێكیان بە ئەبو حەفسەی ئەنساری ناسراوەو سەركردەو موفتی شەرعی داعشە هەروەك لەوێنەكاندا دەردەكەوێت بەشداری لە كوشتارگەیەك لە قەزای عەلەم كردووە كەتیایدا 13 ئەندامی هێزەكانی سەحوە لەو قەزایە سەربڕران.

ئەو موفتییەی داعش دكتۆرای لە زانستە ئیسلامییەكاندا هەیە و لەزانكۆی تكریت وانەی وتۆتەوە.

سەركردەكەی تریان كەئەویش بەهەمان شێوە موفتی شەرعی بووە، لەساڵی 2008 لە گرتوخانەی بوكا زیندان بووەو ساڵی 2013 ئازاد كراوە، یەكێكە لەبەشدار بووانی كوشتارگەی سپایكەر.

سێ‌ براشی بەهەمانشێوە تیرۆریستن و یەكێكیان سەركردەی داعش و پێشتریش موفتی بووە، ساڵی 2011 چۆتە سوریا و لە ساڵی 2014شدا چۆتە توركیا.

دووەمیشیان ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەیە و ئێستا لە تاجی زیندانە، سێیەمیشیان تیرۆریست بووە و لەناوچەی ئەعزەمییەی بەغدای پایتەخت كوژراوە.

بەپێی زانیارییەكانی كەناڵی گەلی كوردستان، تیرۆریستێكی تر لە دەستگیركراوەكان سەربە قاعیدەیە و یەكێكە لە هەڵاتووەكانی زیندانی ئەبوغرێب لەساڵی 2013و بە ناسنامەی ساختەوە هاتووچۆی كردووە.

تیرۆریستە دەستگیركراوەكانی تر كە سەرجەمیان بەپێێ‌ مادەكانی 2 و 4ی تیرۆر داواكراو بوون، لەلایەن دادگاكانی حلە لە پارێزگای بابل و دادگای رومادی و دادگای سلێمانی داواكراو بوون.

ئەو تیرۆریستەش كە لە دادگای سلێمانی داواكراو بووە وێنەی بە جلوبەرگی تیرۆریستانی داعش و لە تەنیشت ئاڵای داعشەوە بڵاوكردۆتەوە.

سەرجەم ئەو تیرۆریستانە لەلێكۆڵینەوەكاندا دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و بەرەسمی تەسلیمی حكومەتی عیراق كراونەتەوە لەبەرئەوەی لەلایەن دادگاكانی تری عیراقەوە داواكراو بوون





PM:10:49:19/07/2015