عەلی باپیر: پێویستە بگەینە سازان نەك سازاندن

‌کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکە
پاش كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەهەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی كۆبوونەوەكە خرایە ڕوو.  

لەسەر پرسی دەستوری و ویلایەتی سەرۆكی هەرێم عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەكۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەدا وتی پێویستە بگەینە سازان نە سازاندن، چونكە سازان هاوبەشی‌و بەشداری هەموو لایەنەكانە، سازاندن لایەنێك بۆچوونێكی هەیە‌و ئەوانی دیكە هەموو بچنە سەر رای ئەو.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا، عەلی باپیر وتی: پێویستە یەكڕیزی نوێنەرانی كورد لە بەغدا بپارێزێن‌و هاوكات نابێت هیچ نیشانەیەكی پرسیارێكیش بەجێبهێڵین لە پرسی نەوت‌و پرسەكانی تر بۆ ئەوەی بتوانین بە ئاشكرا گفتوگۆكان بكەین.

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەنوسییەدا ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتی: بەرپرسانی كورد پێیان راگەیاندوین كە نایانەوتێت لەگەڵ بەغدادا لە یەك دابڕێن‌و كۆبوونەكانی بەغدا‌و هەولێر بەردەوام دەبێت‌و پێویستە یەكڕیزی لایەنە كوردییەكان لە بەغدا بپارێزین‌و نەهێڵین كێشەكان قوڵتر ببێتتەوە تا زیان بە خەڵكی كوردستان نەگات.

ئارام شێخ محەمەد وتی: رۆڵی ئێمە لەبەغدا داكۆكیكردنە لەمافی كورد‌و دروستكردنی فشارە لەسەر بەغدا تا مافەكانی كورد پێشێل نەكرێت.

سەبارەت بە گیراوەكانی كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر وتی: لەلایەن پارتی‌و حكومەتی هەرێم بەڵێندراوە كە گیراوەكان ئازاد بكرێن، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەكراون.

ئارام شێخ محەمەد لە كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەوان بڕیاریانداوە وەك نوێنەرانی كورد لە بەغدا ناوبەناو لەگەڵ هەموو لایەنەكان كۆدەبنەوە.

پێشنیوەرۆی ئەمرۆش جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ محەمەد فەرەج ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كرد.




PM:03:04:23/07/2015