سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەتوندی وەڵام دەداتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئەو زانیاریانە رەتدەکاتەوە کە ئەوان هەڵوێست و ڕایان گۆڕابێت و بە ئاشکراو راشکاوانە رای خۆیان بۆ سپی ئاشکرا دەکەن.

ئەبو بەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە راشکاوانە لەلێدوانێکدا بۆ سپی رای یەکگرتووی ئیسلامی رادەگەیەنێت:
هەڵەدەنی جەخت لەوە دەکاتەوە یەکگرتووی ئیسلامی تاسەر ئێسقان بەرگریکارێکی سەرسەختی سیستەمی پەرلەمانییە، ئەو دەڵێت: لەبەرئەوەی سیستەمی پەرلەمانی بڕیاری دوا کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامییەو، یەکێک بووە لە ئامانج و دروشمە سەرەکییەکانی بەرنامەی یەکگرتووی ئیسلامی لە دوا هەڵبژاردندا، بڕیاری سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامییە، بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکگرتووەو، یەکێک بووە لە پاکێجەکانی ئۆپۆزسیۆن کە یەکگرتوو لایەنێکی کارای ئەو هاوپەیمانێتییەی پێشوو بووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت: پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم پێشنیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆ لایەنەکانی تر، هەموو لایەنەکانی تر لە کۆبوونەوەکاندا ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەوان هیچ کێشەیەکی شەخسیان لەگەڵ بارزانی نییە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت سیستەم پەرلەمانی بێت.

ئەبو بەکر هەڵەدنی کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووشە دەڵێت: ئەگەر لایەنەکان گەیشتنە سازدان لەگەڵ پارتی، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی بارازنی، پێویستە پارتی ئەم مەرجانە بۆ لایەنەکان جێبەجێ بکات:١- دەستور لەوادەی خۆیدا تەواوبێت، ئەگەر لەو وادەیشدا نەتوانرا، ئەوا لە ماوەی دوومانگ، یان سێ مانگدا تەواوبکرێت و بە بێ رتووش لەدەستوردا هاتبێت کە سیستەمی سیاسی لەهەرێم سیستەمێکی پەرلەمانییەو بەتەواوی ئەو سیستەمە بچەسپێت.٢- دەبێت  پارتی لەگەڵ لایەنەکان رێکبکەون لەسەر کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، ئەگەر پارتی دەیەوێت سەرۆک دەسەڵاتەکانی بەتەوای تەشریفاتی بێت، ئەوا  بەرپرس نابێت لەبەردەم پەرلەمان، ئەگەر پارتی دەشیەوێت سەرۆکی هەرێم خاوەن دەسەڵات بێت، ئەوا دەبێت لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسبێت و مافی پەرلەمان بێت لێی برپسێتەوە.٣- دەبێت لایەنەکان رێکبکەون لەگەڵ پارتی و لەسەرجەم دۆسییەکانی نەوت، دیبلۆماسی، حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان شەریک بن، سەرجەم لایەنەکانیش رێکبکەون لەسەر ئیسلاحاتێکی بنەڕەتیانە لەسەرجەم بوارەکانی حوکمڕانیداو، بۆ تێکڕای ئەم رێککەوتنەش بەڵگەنامەیەکی شەرەف هەبێت و هەموو لایەنەکان ئیمزای بکەن.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەڕاشکاوانە وتی: ئەو هەوڵانەی یەکگرتوو دەیدات بۆ تێکنەچوونی بارودۆخی سیاسی هەرێم، لەبەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵكی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ بەرژەوەندیەکی سیاسی و حیزبی یەکگرتووی تیا نییە، چونکە یەکگرتوو لە سەرتاسەری هەرێمدا یەک هۆتێل، یەک مۆڵ، یەک بۆری نەوت، یەک پرۆژەی ئابوری، هەروەها سوودمەند نەبووە هەتا لە خانەشینی یەک کەسیش، بۆیە ئەو هەوڵانەی یەگرتوو دەیدات بەتەواوی لەبەرژەوەندی خەڵکەوەیە.  
  




PM:11:13:02/08/2015