بارزانی دوا پەیمای خۆی لەسەر کورسی سەرۆکی هەرێم راگەیاندو پەیامێکی توندو پڕ هێرشی بۆ خەلكی کوردستان راگەیاند، حیزبەکان دەبێت رای خۆیان لەسەر ئەم پەیامە ئاشکرا بکەن، یەکێتی یەکەم لایەنە کە سبەی کۆبوونەوەی لەسەر دەکات.
دواجار پێش ١٠ رۆژ لە وادەی تەواوبوونی ولایەتی سەرۆکی هەرێم، بارزانی پەیامێکی توندی راگەیاند جگە لەوەی دووجار ناوی " کودەتا" دەبات چەندینجار دەستەواژەی خۆسەپاندن و پێچەوانەی سازدانی دەهێنێت و هێرش دەکاتەوە سەر سەرۆکی پەرلەمان و دەڵیت: میسداقیەتی لەدەستداوە.
هەروەها لە کۆتایی پەیامەکەیدا بارزانی بە سێ خاڵی کورت چارەسەر دەخاتە روو" بۆ چارەسەركردنی كێشەكان خۆسەپاندن و شێوازی كودەتا هیچ ئەنجامێكی نابێت و قابیلی قبوڵیش نییە. هەموو حزبەكانی ناو حكوومەت و پارلەمان پەلە بكەن لە ڕێككەوتن لەسەر چارەسەرێك بە سازان كە لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتیماندا بێت. ئەگەر نەگەییشتینە سازان دەبێ بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچین".
وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان عیماد ئەحمەد بە ماڵپەڕی باسی راگەیاندووە "سبەی مەكتەبی سیاسیی حزبەكەی لە بارەی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە".