سەرۆكی پەرلەمان وەڵامی ئەنجومەنی شورا دەداتەوە

سەرۆكی په‌رله‌مانی‌ كوردستان لە راگەیەنراوێك رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌"هیچ كاتێك داوای راده‌ربڕینمان له‌ ئه‌نجومه‌نی شورای هه‌رێم نه‌كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و، نوسراوی ئاماژه‌ پێدراو كه‌ گوایه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاڕاسته‌یان كراوه‌".

لە راگەیەنراوەكەداهاتووە:  ئەنجومەنی شورای هەرێم لە بەرواری 2015/8/17 رادەربڕینێكیان بە ژمارە ٣٠/٢٠١٥ ئەنجامداوە تایبەت بەپرسی تەواو بوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمەوە، تیایدا هاتووە كە بەكۆتایی هاتنی بەرواری2015/8/19 پۆستی سەرۆكی هەرێم بەچۆڵی نامێنێتەوە، بەڵكو بەردەوام دەبێت لەڕاپەڕاندنی ئەركەكانی تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و ئاماژەیان بەوەداوە كە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داوای ناوبژیوانی (تحكیم)یان كردووە لەسەر ئەم بابەتە.

سەبارەت بەو پرسە ئەم رونكردنەوانە بەپێویست دەزانین:

1- وەكو پەرلەمانی كوردستان كە تاكە مەرجەعی خەڵكی كوردستانە رایدەگەیەنین، هیچ كاتێك داوای رادەربڕینمان لەئەنجومەنی شورای هەرێم نەكردووە سەبارەت بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم و نوسراوی ئاماژە پێدراو كە گوایە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاڕاستەیان كراوە  بە ژمارە (٢٠) لە 2015/8/13 لەپەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتییەكەی دەرنەچوەو گوزارشت لەپەرلەمانی كوردستان ناكات.

2- بەپێی  ماددەی (١٧) برگەكانی (٨،٧،٦) لە پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، تەنها سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی ئاڕاستەكردنی نوسراوی بۆ دەرەوەی پەرلەمان هەیە، سەرۆكی پەرلەمان تەنها دەسەڵاتی ئاڕاستەكردنی داواكاری و نوسراوی لیژنەو نوسینگەكانی پەرلەمانی بۆ لایەنی پەیوەندیداری داوە بەجێگری سەرۆكی پەرلەمان نەك نوێنەرایەتی یاسایی پەرلەمان و راوەرگرتنی یاسایی بە ناوی پەرلەمانەوە.

 هەروەها بەپێی مادەی (١٠) بڕگەی (یەكەم) لەیاسای ئەنجومەنی شورای هەرێم تەنها سەرۆكی پەرلەمان مافی ئاڕاستەكردنی نوسراوی هەیە بۆ ئەنجومەنی شوراو بەگوێرەی ئەمەش  بەنوسراوی ژمارە (١٨) لە 2015/4/22 ی ئەنجومەنی شورا كە بەڕوونی و بەپێی یاسای ئاماژە پێكراو داوایان لەپەرلەمانی كوردستان كردووە كە تەنها سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی داواكردنی راو و بۆچونی هەیە لەئەنجومەنی شورا.

 

3- رۆژی 2015/8/17 كە رۆژی كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە بووە سەبارەت بەم پرسە، بەر لە دەستپێكردنی كۆبونەوەكەیان و لەكاتی ئەنجامدانیدا، سەرۆكایەتی پەرلەمان  بەهەردوو نوسراوی ژمارە (١٥٨٦) لە ١٧/٨/٢٠١٥و ٤/٣/٤٢٨٧ لە ١٧/٨/٢٠١٥، ئەنجومەنی شورای ئاگاداركردۆتەوە كە تەنها سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت نوسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنەكەیان بكات، هەر نوسراوێكی تر گوزارشت لە رای پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتییەكەی ناكات، بەڵام ئەنجومەنی شورا هەر سور بوو لەسەر كارەكەی خۆی و، ئەمەش گومانی جددی دەخاتە سەر بێلایەنی و نەزاهەتی ئەنجومەنەكە.

4- بەپێی مادەی هەشتەم لە یاسای ئەنجومەنی شورا ( ئەنجومەن راوێژی یاسایی پێشكەش دەكات لەو پرسانەی كە لەلایەنی باڵاوە بۆ پرسپێكردن دەخرێنە بەردەمی) ئەمە تاكە مادەیە پەیوەندی بەپەرلەمانەوە هەبێت بەو سیفەتەی لایەنی باڵایە و مادەی (نۆیەم) پەیوەندی تەنها بەوەزارەتەكان و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەتەوە هەیە.

5- پاڵپشت بەو هۆكارانەی ئاماژەمان پێدا، ئەو رایەی ئەنجومەنی شورا بۆ پەرلەمانی كوردستان باپەند(ملزم)نییە.

هاوپێچ:

 نوسراوی ژمارە ١٨ ی ٢٢/٤/٢٠١٥ ی ئەنجومەنی شورا.

 نوسراوی سەرۆكایەتی پەرلەمان ژمارە ١٥٨٦ ی ١٧/٨/٢٠١٥ و ٤/٣/٤٢٨٧ ی ١٧/٨/٢٠١٥ .

 فەرمانی سەرۆكی پەرلەمان



PM:04:20:18/08/2015