سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم داوای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی دەکات

‌سازگار عەلی ناجی سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم
سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم سازگار عەلی ناجی داوای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " لەکاتێکدا لەرووی تەمەنەوە سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان سازگار عەلی ناجی دەبێت خانەنشین بکرێت، بەڵام نامەیەکیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە داوای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی دەکات".

 بۆ پشتراستکردنەوەی ئەم پرسە سپی، چەند جارێک پەیوەندیکرد بە وتەبێژی داواکاری گشتییەوە، وتەبێژەکە چەندجارێک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پەیوەندی دەکاتەوەو لێدوان بۆ سپی دەدات، بەڵام سپی پاش دوو رۆژ پەیوەندیکردن هیچ وەڵامێکی دەستنەکەوت.

سازگار عەلی ناجی کە لەساڵی ٢٠٠٤ەوە سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمە، تەمەنی خانەنشینی هاتووە، بەڵام داوای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کردووە، لەکاتێکدا بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری لە تەمەنی ٦٣ ساڵدا دەبێت دادوەر خانەنشین بکرێت.

لەلایەکی ترەوە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم، ئەحمەد عەبدوڵا زوبێر تا ئێستا دووجار ماوەی سەرۆکایەتی بۆ درێژکراوەتەوە، هەروەها چەند داوەرێکیش بەهەمان شێوە.

  




PM:10:54:03/09/2015