سپی لەسەر دواخستنی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكەی ئەمرۆ زانیاریی ورد بڵاودەكاتەوە
وابڕیاربوو ئەمرۆ 6/9 پێنج لایەنە سیاسییەكەی هەرێم لە هەولێر كۆبوونەوەی حەوتەم ساز بكەن، بەڵام كۆبوونەوەكە دواكەوت. سپی زانیاریی ورد لەسەر ئەو پرسە بڵاودەكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی سپی، دوێنێ شەممە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری ئەو حیزبە، پەیوەندی كردوە بە د. فوئاد حسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمو داوای كردوە كۆبوونەوەكە دوا بكەوێت.
دوێنێ لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمدا د. فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەكرد كە كۆبوونەوەكە لەسەر داوای یەكێتیو بەڕەزامەندی چوار لایەنەكەی تر تا یەكشەممەی داهاتوو دواكەوت. هەر شەوی رابردوو سەعدی پیرە لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان ئاماژەی بەوە كرد كە دواكەوتنی كۆبوونەوەی 6/9 تەنها لەسەر داوای یەكێتی نەبووەو لەسەر داوای هەر پێنج لایەنەكە بووە.
هەرچەندە تا ئێستا روون نەبووەتەوە هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی كۆبوونەوەكە چیە، بەڵام بەپێی هەندێك زانیاریی كە دەست سپی كەوتووە، قسە لەسەر پرۆژەیەكی "چارەسەری مامناوەند" دەكرێت. هەرچەندە ئاماژە بەوە دەكرێت كە ئەو پرۆژەیە لەلایەن مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕییەوە ئامادە كراوە، بەڵام ئەمرۆ ناوبراو لە روونكردنەوەیەكدا ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوەو ئاماژەی بەوە كرد كە تەنها پرۆژەیەكیان هەبێت ئەو پرۆژیەیە كە لەگەڵ هەر سێ لایەنی گۆڕان، كۆمەڵو یەكگرتوودا هەیانە.
PM:02:17:06/09/2015