بارزانی لەکۆبوونەوەی ٩/١ ی لەگەڵ سکرتێر و نوێنەری ١٣ حیزبدا کە لەپیرمام سازکرا، رای چی بووەو چی لەسەر د. یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان وتووە، سپی ئەو زانیاریانەو چەند زانیاریەکی تر بلآودەکاتەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە کە سێ کاتژمێری خایاند و تەنها هەواڵێکی لەمیدیاکانی پارتیەوە لێ بلآوکرایەوە، چەندین بابەت و پرسی هەستیار و رای مەترسیداری تیا بلآوکراوەتەوە کە رۆژانە بەشێکی لە میدیاکانی کوردستانەوە بلآودەکرێتەوە. سپی لەچەندین سەرچاوەی جیاجیاوە بەشێک لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بلآودەکاتەوە.
لەنێو ئەو زانیاریەنەدا کە دەست سپی کەوتووە لەچەند سەرچاوەیەکی جیاجیاوە، بارزانی لەمیانەی قسەکردنیدا لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو ملکەچ ناکات بۆ ئەو کودەتایە، هەروەها باسی لەوە کردووە ئەو نەترساوە لە ئەمەریکا تا لەوان بترسێت و وتویەتی " ئەگەر کودەتای ٢٣ حوزەیران نەبوایە من خۆم ٨/٢٠/٢٠١٥ ئەو ئەمانەتەم دەدایەوە".
هەروەها دوا بەدوای ئەو قسانە، بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە " ئەگەر کۆبوونەوەی ١٩ی ئابی پەرلەمان نیسابی تەواو بوایە، ئەوا سەرۆکی پەرلەمانمان دەخستە دوای ئۆتۆمبێلێکەوە فڕێمان دەدا". ( لەو کاتەدا بەدەستی ئاماژەی بۆ لای رۆژهەلآتی خۆی کردووە کە ناوچەکانی سلێمانی دەگرێتەوە ).
بارزانی دوای قسەکردنی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و سیستەمی پەرلەمانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئایا مەعقولە سەرۆکی هەرێم بەڕیمۆن کۆنترۆڵ لەلایەن پەرلەمانەوە بجووڵێنرێت؟
لەمیانەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، بارزانی لە رووی مێژوویەوە باسی لەبارودۆخی کوردستان لەراپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ەوە کردووە.
دواتر بارزانی باسی ساڵی ٢٠٠٥ و چۆنێتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە کرد لەبەرئەوەی داواکاری لایەنەکان بووەو " ئەویش هیچ بێزار نەبووە لەو پرسە. دواتریش لەساڵی ٢٠٠٩ ئەو سووربووە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەخەڵکەوە بۆئەوەی ئەو شەرعیەتە جێگیر بێت.
بارزانی لە تەوەرەیەکی تردا باسی لەرێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی کردووە کە ئارامی سیاسی گەڕاندۆتەوە بۆ هەرێم، لەو بوارەدا رۆڵی تاڵەبانی و ئەو رێککەوتنەی بەرز نرخاندووە.
سەبارەت بە پەیوەندی هەرێم و بەغدا، بارزانی باسی لەوە کردووە کە یان دەبێت پاشکۆی بەغدا بین و ئیرادەی خۆیان بەسەرماندا فەرزبکەن، بۆیە یان دەبێت بڕیاری سەربەخۆی بدرێت، یان بڕیار لەسەر شێوازیکی تر بدرێت کە ئەویش کۆنفیدراڵیە.
هەروەها بارزانی داکۆکی مافی پێکهاتەکانی تورکمان و کلدو ئاشورو جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە رێگانادات مافەکانیان پێشێلبکرێت.
لە کۆبوونەوەی ٩/١ دا کە لەپیرمام سازکرا، ١٣ حیزب کە ئەوانەن بەشداریان لەپەرلەماندا هەیە، یان مۆڵەتی رەسمیان هەیە، بەشداربوون، جگە لە د. مەحمود عوسمان کەسایەتی سەربەخۆش بەشداربوو.