دادوەرێک لەكەركوك دۆسیەی ئەو پێشمەرگە شەهیدە فڕێدەدات كە لەلایەن داعشەوە سەری بڕدرا

‌شەهید هیشام نەبیل
دادوەرێكی دادگای كەركوك سوكایەتی بە پێشمەرگەیەكی شەهید دەكات‌و دۆسیەكەی بە بەرچاوی كەسوكارییەوە فڕێدەدات. ئەو پێشمەرگەی بە دیل گیرا‌و لەلایەن داعشەوە سەری بڕدرا.

كەسوكاری شەهیدی پێشمەرگە "هیشام نەبیل" دەڵێن: دادوەرێكی دادگای كەركوك ئامادە نابێت وەفاتنامە بۆ شەهید هیشام دەربكات‌و لەكەسوكارەكەی ئایا كوڕەكەیان "شەهیدی پۆلیسە یان سەربازی سوپا"‌و دواتر بە بەرچاوی كەسوكارییەوە دۆسییەكەی شەهید هیشام فڕێدەدات.

موراد نەبیل، برای شەهید هیشام بە ماڵپەڕی "كەركوك ناو" (تایبەتە بە هەواڵەكانی كەركوك) دەڵێت: "لەدوای شەهیدبونی براكەم هەوڵماندا لەدادگای كەركوك وەفاتنامەی بۆ دەربكەین لەوكاتەوەی كە شەهید بووە خەریكی رۆتینات‌و مامەڵەین بۆی، بەڵام تاوەكو ئێستا چەندینجار لەدادگای كەركوك كێشەكەیان دواخستوە.”

ئاماژەی بەوەشدا كە لەوماوەیەدا هاتوچۆی زۆریان پێكردون‌و هیچیان بۆ نەكردون.

هەوڵەكانی كەسوكاری هیشام بەردەوامدەبێت، تاهەفتەی رابردوو "دوای واستەو واستەكارییەكی زۆر دۆسییەی كوڕەكەیان دەچێتە بەردەم دادوەر‌و دوو شایتیش ئامادەدەبن لەگەڵ پارێزەرێك”، ئەوەش بەوتەی موراد.

وتیشی "دادوەر لێی پرسین شەهیدەكەتان پۆلیسە یان سەربازی سوپا، وتمان نەخێر پێشمەرگەیە، بەڵام ئەو بەشێوازێكی زۆر ناشرین فایلەكەی فڕێداو وتی بڕۆنە دەرەوە دەبێت وزارەتی پێشمەرگە بیكات نەك ئێمە”.

وەزیرە عومەر، دایكی شەهید هیشام بە (كەركوك ناو)ی وت "لەدادگای كەركوك سوكایەتیمان پێكرا، ئێمە خەفەت بۆ ئەمە ناخۆین، بەقەد ئەوەی بۆ ئەو پێشمەرگانە خەفەت دەخۆین كە سبەینێ‌ بۆ پاراستنی هەزاران كەسی وەكو ئەو دادوەرە شەهید دەبن.”

شەهید هیشام نەبیل لە 1/31ی ئەمساڵ لەهێرشێكی چەكدارانی داعشدا بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەكەركوك لەگەڵ 21 پێشمەرگەو پۆلیسدا بەدیل دەكەوێتە دەستی ئەو گروپەو دواتر شەوی 3/19 داعش دیمەنی سەربڕینی سێ لەو دیلانەی بڵاوكردەوە كە كەیەكێكیان شەهید هیشام (24ساڵ) بوو.




PM:01:51:08/09/2015