پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق ئاشكرا كرا
بەپێی پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2016 پشكی هەرێمی كوردستان بریتییە لە بڕی 13 تریلیۆن و 848 ملیار و 517 ملیۆن و 802 هەزار دینار(11 ملیار و 351 ملیۆن دۆلار) دەبێت.
بەپێی پرۆژەكە دەبێت هەرێمی كوردستان لە پشكی خۆی كرێی كۆمپانیاكانی نەوتیی بیانی ئەوانەی كاری دەرهێنانی نەوت لە هەرێم دەكەن بدات.
بەپێی رەشنووسی بودجەی گشتی عێراق كە 14ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق لە دوو توێی 23 لاپەڕە كە لە 32 مادەی یاسایی پێك دێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناردووە، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2016 بریتی دەبێت لە 113 تریلیۆن و 505 ملیار و 771 ملیۆن و 318 هەزار دینار (نزیكەی 93 ملیار و 537 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی).
مادەی نۆیەمی پرۆژە یاساكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ئایندە لە بودجەی گشتی عێراق رێژەی 17 لەسەد دەمێنێتەوە و بەو پێیەش لە نێو پرۆژەكەدا پشكی هەرێم بەبڕی 13 تریلیۆن و 848 ملیار و 517 ملیۆن و 802 هەزار دینار(11 ملیار و 351 ملیۆن دۆلار) دەبێت.
ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرحان ئەحمەد لە لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق رێژەیەكی كەم نییە و دەبێت كار لەسەر ئەوە بكرێت، كەم نەكرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لەم بارەیەوە گوتی: "دەبێت حكوومەتی هەرێم و بەغدا كار لەسەر دووبارە جێبەجێكردنی رێككەوتنی نەوتی نێوانیان بكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بودجەی خۆی وەربگرێت و ئاستی هەناردە و بەرهەمی نەوتی عێراقیش زیاد بكات، بۆیە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن، هەرێمی كوردستان دەتوانێت لەو رێگەیەوە بودجەی خۆی هەبێت".
ناوبراو هەروەها گوتیشی: "پێشتر عێراق پابەندی رێككەوتننامەكە نەبووە، ئەگەر لە ساڵی داهاتوودا پێوەی پابەند بێت، هەرێمی كوردستانیش پێوەی پابەند دەبێت كە ئەوە بە بێگومانی دەبێت هۆی دەربازبوونی هەرێمیش لەو قەیرانە داراییەی زیاتر لە ساڵێكە باری قورس كردووە".
بەپێی بڕگەی نۆیەمی مادەی نۆیەمی پرۆژە یاساكە بڕێك لە پارەی تەرخانكراو بۆ هێزەكانی زەمینی سوپای عێراق بۆ پێشمەرگە یەكلایی كراوەتەوە كە بەپێی رێژەی دانیشتووان دەبێت بەو پێیەی پێشمەرگە وەكو بەشێك لە سیستەمی بەرگری عێراق ناسێنراوە.
هەروەها لە بڕگەی یەكەمی مادەی دەیەمی پرۆژە یاساكەی وەزارەتی دارایی عێراق كە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كراوە دەبێت حكوومەتی هەرێم مانگانە بڕی ئەو داهاتانەی بەدەستی دەهێنێت رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی بكاتەوە.
سەرحان ئەحمەد لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئەگەر هەرێمی كوردستان بتوانێت لەگەڵ عێراق رێككەوتنی نوێ لەسەر هەناردەكردنی نەوت واژۆ بكات یان بەوەی ساڵی 2014ەوە پابەندبن زۆر باش دەبێت بۆ هەردوولا.
بڕگەكانی دووەم و سێهەمی هەمان مادە باس لەوە دەكات كە هەر داهاتێكی هەرێم كە كەم بنێرێت لە بودجەكەی دەبڕێت و ئەگەر هەركام لە هەرێم و ناوەند پابەند نەبوون بە رێككەوتننامەی نەوتییەوە ئەوی دیكە مەرج نییە پێوەی پابەند بێت.
مادەی بیستەمیش دەڵێت مافی كۆمپانیاكانی بیانیی نەوتی ئەوانەی لە هەرێم كار دەكەن بەمەبەستی دەرهێنانی نەوت لە پشكی 17 لەسەدی هەرێم دەدرێت.
PM:02:54:17/09/2015