پارتی پێیوایە پەرلەمان لەوەزعێکدایە ئاساییە وەزیرەکانیش نەیەنە پەرلەمان

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان دلشاد شەعبان دەڵێت: سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووەتە تەرەف بۆ لایەنێك و بەشێك بووە لە ململانێ، بۆیە پەرلەمانی ئیفلیج كردووە و وای لێ هاتووە كە وەزیرەكان پێیان ئاسایی بێت ئامادەی پەرلەمان نەبن.

دڵشاد شەعبان بەماڵپەڕی حیزبەکەی راگەیاندووە" سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووەتە تەرەف بۆ لایەنێك و بەشێك بووە لە ململانێ، بەڵام سەرۆكی حكوومەت سەركەوتوو بووە لە ئیدارەكردنی حكوومەتدا، چونكە نەبووەتە بەشێك لە ململانێكان.

دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و ئەندامی لیژنەی دارایی دەڵێت: هیچ بڕیارێكی فەرمیی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرنەچووە سەرۆك وەزیران رێگری بكات لەوەی وەزیرەكان بچنە پەرلەمان، بەڵام لەم خولەی پەرلەماندا پەرلەمانتاران وەها تێگەییشتوون كە پەرلەمان دەستگایەكە لە سەرووی هەموو دەستگاكانەوەیە، ئەمەیش بیركردنەوەیەكی هەڵەیەو، رەنگە یان بەهەڵەتێگەییشتنی پەرلەمانتاران بێت لە كاری پەرلەمانی، یاخود بە هۆی گوشاری سیاسییەوەیە بێت".

(شەعبان) وتیشی: "راستە كاری پەرلەمان چاودێریكردنی حكوومەت و یاسادانانە، بەڵام ئەمە، ئەوە ناگەیێنێت پەرلەمان حكوومەت دادگایی بكات، بەڵكە هەندێك رێگا هەیە پێویستە پەرلەمان بیانگرێتە بەر".

(شەعبان) ڕوونیشی كردەوە، ئەو زێدەڕۆیی و هەندێك جاریش تۆمەتە بێبنەمایەی بۆ حكوومەت دروست دەكرێت لەلایەن پەرلەمانەوە، وای كردووە كە حكوومەت و بە تایبەتی سەرۆكی حكوومەت نیگەران بن لەو مامەڵەیەی پەرلەمان لەگەڵ حكوومەتدا دەیكات، چونكە پێویستە هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردندا هەبێت نەك فەرزكردن".

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان ئاماژەیشی دا: "لە حكوومەت و پەرلەمان كە هەر پێنج لایەنی سەرەكی تێیدا بەشدارن، ئەو كێشانەی كە لە پەرلەمان هەن، لە حكوومەتدا ئەو كێشانە نین و بەیەكەوە كار دەكەن، ئەمەیش كاتێك دروست دەبێت كە سەرۆكی ئەو دەستگایە ببێتە بەشێك لە ململانێ ئەوكات كێشە و دووبەرەكی دروست دەبێت و ئەو دەستگایە ئیفلیج دەبێت".



PM:07:45:17/09/2015