بارزانی داواكاریەك ئاراستەی زانایانی ئایینی دەكات

بارزانی لەپەیامێكدا داوا لە زانایانی ئایینی دەكات بەردەوام بن بۆ خزمەتی گەلی كوردستان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هوشیاركردنەوەی خەڵك لە سەر بنەمای خۆشەویستیی نیشتمان و لێبوردەیی و راوەستان دژ بە دیاردەی تیرۆر.

بە بۆنەی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان مەسعود بارزانی پیرۆزبای ئاراستەیان دەكات و دەڵێت: بە دریژایی خەباتی ڕزگاریخوازانەی كوردستان، ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی هەر پێشەوایەتی و سەركردانە بووە و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییكردن لە خاك و گەلەكەیان بوون، ئاماژەبەوەش دەكات: مامۆستایانی ئایینی لە كوردستان ئامادەن بە گیانی پێشمەرگانەوە بەرگری لە خاكی كوردستان و كەرامەتی خەڵكی كوردستان بكەن .

مەسعود بارزانی لە پەیامێكی پیرۆزباییدا كە بۆ یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رەوانەی كردووە دەڵێت: بە دریژایی خەباتی ڕزگاریخوازانەی كوردستان، ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی هەر پێشەوایەتی و سەركردانە بووە و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییكردن لە خاك و گەلەكەیان بوون. ڕۆڵی درەوشاوەی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیش لە لاپەڕەكانی مێژووی خەباتی گەلەكەماندا چەسپاوە، لە ئێستاشدا كە بیری توندڕۆیی هەڕەشە لە گەلەكەمان و هەموو مرۆڤایەتی دەكات، ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی زۆر هەستیارە، لەوە دڵنیاین كە مامۆستایانی ئایینی لە كوردستان ئامادەن بە گیانی پێشمەرگانەوە بەرگری لە خاكی كوردستان و كەرامەتی خەڵكی كوردستان بكەن، لەهەمان كاتدا ئەركی ئێوەیە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕۆیی و تەكفیری لەناو گەلەكەمان بگرن .

بارزانی نوسیویەتیشی: هیوادارم لە سەر ئەو رێبازە پیرۆزەی خۆتان بەردەوام بن بۆ خزمەتی گەلی كوردستان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هوشیاركردنەوەی خەڵك لە سەر بنەمای خۆشەویستیی نیشتمان و لێبوردەیی و راوەستان دژ بە دیاردەی تیرۆر و دژی هەموو ئەو بیر و كردارانە بن كە پێچەوانەی روحیەتی ئایینی ئیسلام و بەها مرۆڤایەتییەكانن و ئامانجیان بەكارهێنانی ئایینە بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوتی دونیەوی .



PM:05:39:21/09/2015