هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەسەر خۆپیشاندانەکان هاتە دەنگ
هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا لەسەر رووداوەكانی ئەمرۆو رۆژانی رابردوو لە شارو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: لەكاتێكدا؛ پۆل پۆل شەهید لەگۆڕستانەكانی كوردستاندا، كێلی نەمریان بۆ بەرز دەكرێتەوە.. بەداخەوە، چەندین كێشەی نەخوازراو، روی لەگەلەكەمانو حكومەتو فەرمانبەران كردووە.
دەقی راگەیەنراوەكە:
راگەیاندنی هاوبەشی
هێزی پێشمەرگەو پێشمەرگە دێرینەكانو
پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانو كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكان
گەلی خۆڕاگری كوردستان!
كەسوكاری شەهیدان!
پێشمەرگە قارەمانەكان!
مەدەنیخوازان!
لەكاتێكدا؛ دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتا دێت زیاتر دەئاڵۆزێو مەترسی جۆراوجۆر لەسەر گەلانو دیموكراسیو ئازادی هەیە.
لەكاتێكدا پێشمەرگە بەدرێژایی زیاتر لەهەزار كیلۆمەتر، بەرامبەر داعش، شەڕی قارەمانانەی پاراستنی كوردستانو ئەزمونە دیموكراسییەكەو سەروماڵی خەڵك دەكات.
لەكاتێكدا؛ پۆل پۆل شەهید لەگۆڕستانەكانی كوردستاندا، كێلی نەمریان بۆ بەرز دەكرێتەوە.. بەداخەوە، چەندین كێشەی نەخوازراو، روی لەگەلەكەمانو حكومەتو فەرمانبەران كردووە.
لەلایەكەوە، گفتوگۆی لایەنەكان، لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم درێژەی هەیەو هێشتا پرسە یاساییەكانو رێككەوتنی سیاسیو سازان، وەكو ئامانجی ئەم قۆناغە، نەكراوەتە مژدە بۆ گەلەكەمان، بەڵام ئومێدمان پتەوە، كە هەموو لایەك، بەهەستی بەرزی بەرپرسیارێتی، ئەركە یاساییەكان بگەیەننە دوا ئەنجام و بەسازانیش لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم، كۆتایی پێبهێنن.
هەر لەم كاتەدا، جێگەی داخە، حكومەتی هەرێم، لەلایەكەوە بەهۆی قەیرانی گشتییەوە كە عیراق و كوردستانی گرتۆتەوە، لەلایەكی تریشەوە، بەهۆی كەموكوڕی سیاسەتی ئابورییەوە، دووچاری قەیرانی دارایی بۆتەوەو ئەمەش كاریگەری كردۆتە سەر ژیانی خەڵكو بازاڕو كاسبی. بەم هۆیەشەوە، فەرمانبەرو مامۆستایان لەڕێگەی خۆپیشاندانی مەدەنییەوە، داوای مافی پیشەیی خۆیان دەكەن، ئێمەش پشتیوانیانینو داوا دەكەین دوا توانای حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچەی خەڵك، بخرێتەكار.
بەڵام.. جێگەی داخە، لەم هەلومەرجەدا، لەشارو شارۆچكەكاندا، هەندێك خەڵكی گێرەشێوێن، لەپەنای خەباتی مەدەنیو پەرۆشی ئارام راگرتنی دۆخەكە لەلایەن پۆلیسو ئاسایشەوە، رۆژی (8/10/2015) كاتێك كۆبوونەوە (5) قۆڵییەكە لەناو ئوتێلی (گراند میلینیوم-شاری جوان) دەكرا، تاقمێكی گێرەشێوێن، كە هەندێكیان بۆ تاڵانی لەدەرەوەی سلێمانیشەوە هاتبون، بەناوی خۆپیشاندانی سیاسیەوە، بەبێ مۆڵەت، ئاژاوەیەكی خراپیان نایەوە، ئەم رەفتارە پێچەوانەی رەوشتی كوردەوارییو دیموكراسییە، كە لەقەڵادزێو گەرمیانو سەید سادقو شارۆچكەی تریش، هەروەها لەناو سلێمانیش، رویداوە.
ئێمەی پێشمەرگەی هێزەكانی (70)، كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیی، كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان، كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندامانی سەنگەرو كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكان، وەكو ئەركی نەتەوەییو دیموكراسیو یاسایی سەرشانمان، بەم بەیاننامە هاوبەشە رایدەگەیەنین، كەوا:
یەكەم: پشتیوانی خەباتی مەدەنیو داخوازی پیشەییو دیموكراسی رەوای مامۆستاو فەرمانبەرو جەماوەرین.
دووەم: ئاژاوەگێڕی، دژی سەروەری یاساو بەدیهێنانی مەدەنیانەی مافی خەڵكە؛ بۆیە، رایدەگەیەنین كە بەهیچ شێوەیەك رێگەنادەین تاقمێكی گێرەشێوێن، هەڵبكوتنە سەر بارەگای حزبەكان، یان داوو دەزگاكان، یا وەكو ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكبدەن. ئەم جۆرە رەفتارانە، دژی دیموكراسییە. دژی ناووناوبانگی گەلەكەمانە لەجیهاندا.. هەروەها، زیانێكی گەورەش لەیەكڕیزی گەلەكەمان بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لەسەنگەرەكانی بەرگری دەدات.. بۆیە، داوامان وایە، دەست لەئاژاوەگێڕی هەڵبگیرێ. لەوە زیاتر زیان بەخەڵكو حزبەكانو خەباتی مەدەنی نەگەیەندرێ. ئەگەر بێتودەست لەم ئاژاوە گێڕییە، هەڵنەگیرێ، بێگومان پێچەوانەی ویستی خۆشمان بێ، كاردانەوەمان بۆ پاراستنی ئارامی خەڵكو داوو دەزگاكانو بارەگای حزبەكان دەبێ.. هەرگیز رێگەنادەین، لەسایەی دیموكراسیو خەباتی مەدەنیدا، یاسا پێشێل بكرێ. سەروسامانی خەڵك بكەوێتە بەر هەڵچونی ئاژاوەگێڕان.. ئومێدەواریشین، هەموو لایەك لەپەیامی دڵسۆزیمان تێبگاتو پەیڕەویشی بكات، ئۆباڵیش لەئەستۆی ئەوانەی سەركێشی دەكەنو ملكەچی یاسا نابن.
بۆ پێشەوە بەرەو
*سەركەوتنی پێشمەرگە بەسەر داعشە دڕندەكان
*سڵاو لەشەهیدان.
*بەرقەراربێ ئارامیو ئاشتی كۆمەڵایەتی.
1-فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی حەفتا
2-كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
3-كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان
4-كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندامەكانی سەنگەر
5-كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
10/10/2015
PM:09:18:10/10/2015