عەلی باپیر هەڵوێستی خۆی راگەیاند

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی ”ئەو حاڵەتەوە کە بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە" راگەیاند.

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک چەند خاڵێکی لەبارەی خۆپێشاندان و گرژییەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان نووسیوە، کە تێیاندا هەڵوێست و بیروڕای خۆی لەبارەی ئەو رووداوانەوە و چۆنێتی چارەسەرکردنیان راگەیاندووە.

چەند رۆژێکە خۆپێشاندان و گردبوونەوە لەو ناوچانە دەستیپێکردووە و خۆپێشاندەران چەند بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستانیان سووتاندووە، وێڕای کوژرانی دوو کادیری پارتی و چەند خۆپێشاندەرێک.



دەقی نوسینەکەی عەلی باپیر:

بسم اللە الرحمن الرحیم
سەرەتا با ھێمن بینەوە، پاشان بیر لەچارەسەر بکەینەوە !
بەپێویستی دەزانم ھەڵوێست‌و بیروڕای خۆم، لەبارەی ئەو حاڵەتەوە کە بەشێکی زۆری ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، لەچەند خاڵێکدا بخەمەڕوو، بەڵکو جۆرێک لەبەرچاوڕوونیی تێدابێ، بۆ چارەسەر:

یەکەم:
ئەو تەقینەوەیەی تووڕەیی‌و بێزاریی خەڵک بەڕووی لایەنە سیاسییەکان‌و دەستەڵاتدا بەگشتیی "ھەرکەسە بەپێ‌ی خۆی” شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، بەھۆی گەلێک ھۆکاری پێشترەوەو، بێ مووچەیی‌و بێکاریی‌و بێزاریی‌و…ھتدی ئێستاوە، بەتایبەتیش پاش گەیشتن بەجۆرێک لەبنبەست‌و نائومێدیی، لەڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان، لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان.

دووەم:
بۆیە پێویستە ھەموولایەک واقیعەکەمان وەک خۆی بخوێنینەوەو، بەھۆی بەدگومانیی‌و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشای یەکدی کردن‌و، ھەڵەو کەم‌و کوڕیی خۆ نەدیتنەوە، دووچاری تێڕوانین‌و ھەڵوێست نواندنی ھەڵە نەبین.

سـێ‌یەم:
ڕەخنەگرتنی خەڵک‌و ھاووڵاتییان‌و بێزاریی‌و ناڕەزایی دەربڕینیان، بەھەر شێوازێکی شیاو و شارستانییانە، مافێکی ڕەوای خۆیانەو، پێویستە بەدڵفراوانیی‌و بارقووڵیی وەربگیرێ‌و، بەھۆی ئەوەوە خەڵکی تووڕەو بێزار، تۆمەتبار نەکرێ.

چوارەم:
بەڵام بێگومان خاوەن ھەقیش، پێویستە بەشێوەیەکی ھەق‌و ڕاست، داوای ھەقی خۆی بکات‌و، بەھۆی بەکارھێنانی شێوازی ناڕاست‌و ھەڵەوە،وەک ھەڵکوتانە سەر بنکەو بارەگا حیزبییەکان‌و، دام‌و دەزگا حکوومییەکان‌و، بەردباران کردن‌و سووتاندنیان‌و تاڵانکردنیان، خاوەن ھەق، ھەقەکەی خۆی ناشیرین نەکات‌و، گومان لەسەر خۆی دروست نەکات.

پێنجەم:
بەڕەوای نازانم: بەردبارانکردنی خۆپیشاندەران بۆ بنکەو بارەگاکان بەگوللە بارانکردنیان‌و کوشتن‌و بریندارکردنیان، وەڵام بدرێتەوە، چونکە پێگەو بەھای مرۆڤـ لە ھەموو شتێک بەرزترەو، بەردبارانیش خراپە، بەڵام گوللە باران خراپترە، وە خاوەنەکەی قەرزار دەکاتەوە.

پێویستە چی بکرێ؟!

یەکەم:
ھەموولایەک بوێرانەو بەڕوونیی دان بەھەڵەو کەم‌و کوڕییەکانماندا بنێین‌و، ھەق بەخەڵک بدەین کە تووڕەو نیگەرانن‌و، چیدیکە نکووڵیی لەواقیعێک نەکەین، کە دەچێتە چاوی ھەموولایەکمانەوە!

دووەم:
دەستبەجێ زەمینەیەکی باش بۆ کۆبوونەوەیەکی لووتکەی پێنج لایەنە سیاسییەکە بڕەخسێنرێ‌و، ھەموولایەک لەبڕیارە کۆنکرێتییە پێشووەکان دابەزن‌و، کەش‌و ھەوایەکی لەبار بۆ چاکسازییەکی ڕیشەیی سازبکرێ، ھەر لە چاککردنی سیستمی حوکمڕانییەوە بگرە، ھەتا بەدامەزراوەکردنی کارەکان‌و، یاسا سەروەرکردن‌و، چەسپاندنی دادگەریی‌و، ڕێگرتن لە گەندەڵیی زیاترو، پاشان ڕیشەکێش کردنی ئەوەش کەھەیە…

سـێ‌یەم:
حکوومەت لەسەر ئاستی باڵای‌و بەجیددیی بێتە سەرخەت‌و، ڕاجیایی‌و کێشمەکێشی سیاسیی حیزبەکان، وای لێنەکەن کە ئەرک‌و کارەکانی خۆی لەبیر بکات، بەتایبەت پێدانی مووچەو، دابینکردنی پێداویستییە سەرەکیی‌و سەرەتاییەکانی ژیان‌و گوزەرانی خەڵک، بەبێ جیاوازیی.

چوارەم:
ھەموولایەک: خەڵک، لایەنە سیاسییەکان، حوکمڕان‌و بڕیار بەدەستان، دڵنیابین کە:

یەک:
بنیاتنان‌و چاکسازیی بەزەحمەتەو، تواناو ھیممەتی ھەموولایەکی پێویستە، بەڵام تێکدان ئاسانەو بە ھەندێکیش دەکرێ.

دوو:
ئاشتیی کۆمەڵایەتیی‌و سەقامگیریی سیاسیی، پێشەکیی‌و پێشمەرجەی ھەرگۆڕانکاریی‌و چاکسازییەکەو، ھەرگیز لەبارودۆخی ئاڵۆزو بڵۆزو گرژدا، ناگونجێ ھەنگاو بەرەو پاکسازیی‌و چاکسازیی بنرێ.

پێنجەم:
ئومێدم وایە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەھەموو جۆرەکانیانەوە: زۆر ھۆشیارانەو دووربینانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن‌و، خۆیان لەھەر شتێک بپارێزن، کە مایەی زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکەبێ.

لەکۆتاییدا
بەھیوای ئەوەی بەر لەوەی بارودۆخی ھەرێمەکەمان گرژترو ئاڵۆزتر بێ‌و، چارەسەرو چاکسازیی قورستر بێ، ھەموولایەکمان بەئەرکی سەرشانمان ھەڵسین، نابێ لەبیریشمان بچێ کە ناحەزانی ھەرێمەکەمان خۆیان مەڵاس داوەو چاوەڕێی دەرفەت دەکەن.

عـەلـی بـاپــیـر
٢٧ /١٢ / ١٤٣٦ کـ
١١/١٠/٢٠١٥ ز
ھەولێر




PM:03:29:11/10/2015