پارتی: "هیوادارین سیاسەكانی تاقمەكەی گۆڕان وانەكات بە پۆستەكانی بەغداشدا بچینەوە"
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی هیوای دەخوازێت كە "سیاسەتە هەڵەكانی تاقمهكهی گۆڕان وا نەكات كە پارتی ناچار بكات، بە رێككەوتنەكانی وەرگرتنی پۆستەكانی بەغدایشدا بچێتەوە".
هێمن هەورامی، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، پرسە سیاسییەکانی پەیوەندییدار بە هەرێمی کوردستان تاوتوو دەکات و لە پەیوەندی لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە لە نێوانی پارتەکەی و گۆڕاندا دەڵێ: "هۆكاری سەرەكیی ئەو تەنگەژەیە بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەویش بەهۆی پابەندنەبوونی بەو رێككەوتنامەیەی كە لەگەڵ پارتیی دیموكراتی كوردستاندا كردبووی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانیان".
هەورامی لەو دیمانەیەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە، "پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە لایەن تاقمهكهی (نهوشیروان) و بەتایبەتیش لەلایەن (یووسف محەممەد)ەوە بەكار هێنرا بۆ پەكخستنی پەرلەمان، بۆ پەكخستنی هاوسەنگی و سازان، ئەو سازانەی كە (یووسف محەممەد)ی پێ بوو بە سەرۆكی پەرلەمان".
هەورامی هەڵوێستی فەرمیی پارتەكەی سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان روون كردەوە و وتی: "لەبەر ئەوەی گۆڕان پێشێلی رێككەوتنەكەی كرد، ئێمە رێككەوتنەكەمان هەڵوەشاندەوە و، (یووسف)یش لەلای ئێمە سەرۆكی پەرلەمان نییە و، بە وەزیرەكانیشان گوتراوە كە نەچنە دەوام".
هێمن هەورامی ئاماژەیشی دا، كە ئاراستەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دا بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی گۆڕانەوە رێڕەوی راستەقینەی خۆیان ون كردەوە و وتی: "ئێمە ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆین لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكانی دیكە بۆ ئەوەی ئاراستەی سیاسی لە كوردستان راست بكەینەوە، چونكە گۆڕان ئاراستەی سیاسی لە كوردستان دا بەلاڕێدا بردووە".
بەگوتەی ئەو، پارتی نیگەرانە لە سیاسەتە دوو ئاراستەكەی گۆڕان لەناو حكومەتدا و دەڵێت: "ناكرێت گۆڕان لەناو حكوومەتدا بن، بەڵام لە بارەگاكانیانەوە پلان دابڕێژن و سەرپەرشتیی كۆمەڵێك كەس بكەن كە كاری توندوتیژی بەرانبەر بە پارتیی دیموكراتی كوردستان بكەن و، خۆیان وەكو ئۆپۆزسیۆنێكیش بەرانبەر بە حكوومەت پێشان بدەن، بۆیە دەبێت ئەوانیش وەكو ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، ئەگەر ناتوانن ئەو بەرپرسیارێتییە لەگەڵ ئێمە هەڵگرن نابێت لەگەڵ ئێمەدا بن".
ئهو ئهندامهی سهركردایهتیی پارتی، روونیشی كردەوە، كە لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دا زۆرینەی دەسەڵات لای لایەنەكانی دیكەیە نەك پارتیی دیموكراتی كوردستان و، دەڵێت: "گۆڕان بەشێكە لە حكوومەت، ئێمە لە كۆی 23 وەزارەت تەنیا 5 وەزارەتمان هەیە، بەڵام گۆڕان و لایەنەكانی دیكە 16 وەزارەتیان هەیە، بۆیە زۆرینەی دەسەڵات ئەوانن".
سەبارەت بە توندوتیژییەكانی ئەم دواییەی پارێزگای سلێمانی، (هێمن هەورامی) دەڵێت: "ئەو كارانەی كە تاقمهكهی (نهوشیروان) دەیكات لە رێگەی توندوتیژییەوە، پارتی تێیدا بووەتە قوربانیی سەرەكی، چونكە دوو كادرمان شەهید بوون، شەش بارەگامان سووتاون، 50 كادری ئێمە بریندارن، بۆیە تاقمهكهی (نهوشیروان) بەو كارەی ستەمی لە پارتی كردووە لە پارێزگای سلێمانی".
ئهو دەڵێت: "هەموو ئەو وڵاتانەی كۆنسووڵگەرییان لە هەولێر هەیە، بۆ ئێمەیان تەئكید كردەوە كە، پشتیوانی خەڵكی كوردستانن، پشتیوانی سەقامگیریی كوردستانن، پشتیوانی بەردەوامیی پرۆسەی سیاسیی كوردستانن، پشتیوانی كوردستانن لە شەڕی تیرۆریستی داعش، چونكە هەڕەشەی گەورەتر لەسەر كوردستان هەیە".
هێمن هەورامی، سەبارەت بە رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونەوە ناو هەولێر دەڵێت "لە هەنگاوی یەكەمیدا بزووتنەوەی گۆڕان دەیویست ئاژاوەكە بێنێتە هەولێر، پاشان لە سلێمانیش بەردەوامی پێ بدات، بۆیە بە وەزیرەكان وتراوە نەگەڕینەوە دەوام و، سەرۆكی پەرلەمانیش كە خۆی بەشێكە لە درووستكردنی ئەو كێشانە ئەویش بە تێكدانی تەوافوق، داوامان لێ كردووە نەیەتەوە هەولێر، بۆ ئەوەی ئەو ئاژاوەیە نەیەتە هەولێر و لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ئاژاوەیە لە سلێمانییش نەمێنێت".
هەورامی هیوایشی خواست كە سیاسەتە هەڵەكانی گۆڕان وا نەكات كە پارتی ناچار بكات، بە رێككەوتنەكانی وەرگرتنی پۆستەكانی بەغدایشدا بچێتەوە و، دەڵێت: "بەغدا مەسەلەیەكی نەتەوەییە، ئێمە چەندین جاریش وەكو پارتی داوامان كردووە كە ئەگەر لەنێوخۆی كوردستان كورد كێشە و گرفتی نێوخۆیی هەبێت، با كاریگەری لەسەر ئێمە و بەغدا دانەنێت، ئێمە دەمانەوێت وەكو كوتلەكانی كوردستانی لە چوارچێوەی یەك سیاسەتی یەكگرتوودا مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەین، چونكە لەوێ ناكرێت حزبایەتی بكرێت، لەوێ دەبێت نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكرێت. لەوێ كۆمەڵێك بابەتی تایبەت بە كوردستان پیشنیاز كراوە، بۆیە دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی هەرێم بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر بۆ دۆزی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان دا، ئەگەر لەنێوخۆی كوردستانیش ناكۆك بین، دەبێت سیاسەتێكی هاوبەشمان هەبێت، بۆیە هیوادارین گۆڕان وامان لێ نەكات كە كاریگەری لەسەر ئەو پرۆسەیە لە بەغدایش دابنێت".
PM:04:12:15/10/2015