سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت " پشتیوانی خۆپیشاندانی فەرمانبەران و مامۆستایان دەکەین بەشێوەیەکی ئاشتییانەو دوور لە توندوتیژیی، ئیدانەی توندوتیژی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبەکان دەکەین و پێویستە ڕێگە لەوە بگیرێت خۆپیشاندانەکان بە ئاڕاستەی توندوتیژیی ببرێت.
ئەو وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی پێشوازیکردن لە چین و توێژە جیاوازەکان کە ئەمڕۆ شەممە، ١٧-١٠-٢٠١٥ لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی کرد لە کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووس و پێشمەرگە دێرینەکان و چەند پەرلەمانتارێکی خولەکانی پێشووی کوردستان و عێراق. لە دیدار و کۆبوونەوەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، دەڵێت "ئەم بارودۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە، بەرەنجامی کێشە و قەیرانی دارایی و نەبوونی موچە و کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەو بۆشایییە یاساییەیە لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم درووست بووە.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی "خۆپیشاندانی فەرمانبەران و مامۆستایان بەشێوەیەکی ئاشتییانەو دوور لە توندوتیژی ئاماژەی پێشکەوتنی ئاستی ڕۆشنبیریی و هۆشیاریی هاوڵاتیانە، ئێمە پشتیوانی داوا رەواکانیان دەکەین، لە هەمانکاتدا ئیدانەی توندوتیژی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبەکان و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران دەکەین و پێمان وایە هیچ شتێک لە ڕێگەی توندوتیژییەوە چارەسەر نابێت و پێویستە هاوڵاتیان بەشێوەی ئارام و دوور لە توندوتیژیی بانگەشەی ناڕەزایەتییەکانیان بکەن لەسەر شەقام.