حكومەتی هەرێم: موچەی مانگی حەوت و هەشت دابەش دەکەین
وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە حکومەت بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، موچەی مانگی حەوت و هەشت دابەش دەکات.
سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باسنیوزی راگەیاند، کە لەمکاتەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ”ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەست نییە مووچەی دوو مانگ بەسەرییەکەوە دابەش بکات"، بەڵام هەوڵدەدات دوای دابەشکردنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی هەشتیش بکات.
سەفین دزەیی هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کە هەر کاتێک حکوومەت ”داهاتی پێویست"ی هەبوو، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات، چونکە ئەم کارە ”ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی"ی حکوومەتە و رایگەیاند، کە بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایڕشتووە، ”دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت بەردەوام دەبێت"، کە تاوەکو ئێستا مامۆستایان و هێزەکانی پێشمەرگە وەریانگرتووە.
بەپێی وتەکانی دزەیی ، دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت، ”وردە وردە" مووچەی مانگی هەشتی وەزارەتەکان دابەشدەکرێت، بۆ ئەوەی ”ئەو بۆشاییەی لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دروست بووە، بە تەواوەتی نەیھێڵین".
PM:03:35:18/10/2015