ئەو ئافرەتەی لەپارکی دایک کوژرا ئەمڕۆ دەنێژرێت

ئەندامی دەستەی بەڕیوەبردنی گرووپی ژیان، بەهار مونزیر رایگەیاند" ئەمڕۆ ١٠/٢٦ کاتژمێر ١١ ی پێش نیوەرۆ تەرمی ئەو ئافرەتەی لە پارکی دایک تیرۆر کرا  لە گردی سەیوان دەنێژرێت".
لە لێدوانیكی تایبەتدا بۆ سپی، بەهار مونزیر رایگەیاند" کاتژمێر ١١ ی پێشنیوەرۆ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ژمارەیەک رێکخراو و چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی تەرمی ئەو ژنەی لە پارکی دایک لە سلێمانی کوژرا، لە گردی سەیوان لەو شوێنەی کە تەرمی بێ نازەکانی لێدەنێژرێت، ئەمیش دەنێژین و هاوکات یاداشتێکیش لەسەر مەزارەکەی دەخوێنینەوە".

بەهار مونزیر کە چالاکوانی بواری ژنانە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پاش ئەوەی ماوەیەکە سەرقاڵی هەماهەنگی کردن بووین لەگەڵ شارەوانی سلێمانی، تا توانرا رەزامەندی وەربگیرێت ئەمڕۆ تەرمەکە بنێژین.

ئەو ئافرەتە کەناوی " سنور "ە دوای کوشتنی لە رۆژی ١٠/٢ لە پارکی دایک لەلایەن باوکیەوە، کەسوکارەکەی ئامادەنەبوون تەرمەکەی وەربگرنەوە، هەروەها هەڕەشەیان لەهەر کەسێک دەکرد کە تەرمەکە وەربگرێت و بینێژێت، ماوەیەکی زۆرە رێکرخراوەکانی ژنان لە سلێمانی لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت لەهەماهەنگیدان بەمەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمەکەو ناشتنی و ئەمڕۆ پاش ٢٤ رۆژ ئەو کارە ئەنجام دەدەن و تەرمەکە دەنیژن.



AM:09:17:26/10/2015