فاینانشناڵ تایمز: پاكستانییەك لەبواری نەوتی هەرێم كاردەكات موچەكەی یەك ملیۆن دۆلارە

رۆژنامەی فاینانشناڵ تایمز لە راپۆرتێكدا باس لە هاوڵاتییەكی پاكستانی دەكات كە یەكێكە لە فرۆشیارانی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و موچەی ساڵانەی یەك ملیۆن دۆلار بووە.

مورتەزا لاخانی، ناوی ئەو فرۆشیارەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە ماڵپەڕی رۆژنامەكە دەنوسێت: ناوبراو پێشتر بریكار بووە لەبواری نەوت لەعێراقدا‌و یەكێك لەو كەسانەبووە كە دەستی لە بەرنامەی نوت بەرامبەر بە خۆراكدا  هەبووە.

مورتەزا لە رۆژنامەكە دەڵێت ماوەی 16 ساڵ لە عێراق بووە‌و پێشتریش لەكوردستان بووە‌و ئێستا بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بازاڕە جیهانییەكاندا.

بەپێی راپۆرتەكە، لاخانی ماڵێكی لە هەولێر هەیە كە "ماڵێکی ئاسایی نییە، زۆرینەی شەوەکان ئاهەنگی تێدا ئەنجام دەدرێت بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کار بکەن لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمدا، فاینانشیاڵ تایمز باس لەوە دەکات کە میوانەکان لە ماڵەکەی لاخانی لە هەولێر بە خواردنی دەریایی کە لە دووبەیەوە هاوردە کراوە میواندارییان لێدەکرێت و هەروەها زۆر کات ئەو تابلۆیانەش پیشانی میوانەکان دەدات کە خۆی کێشاونی".

لەراپۆرتەكەدا كە ماڵپەڕی كەناڵی (NRT)یش پوختەیەكی كردوە بەكوردی، لەزاری عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی نەوت‌و گاز لە پەرلەمانی كوردستان دەنوسێت كە "لاخانی بەوە ناسراوە كە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە". بەڵام لاخانی ئەمە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێت لە 2006ەوە كۆمپانیایەكی هەیە لەكوردستان كە ئامێری پێویست بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لە هەرێم دابین دەكات.

بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش نكوڵی لەبوونی لاخانی ناكەن‌و بە فاینانشنال تایمزیان وتووە كە حسابی هەموو دۆلارێكی هاتوو بۆ هەرێم دەكەن‌و كەسانی وەك لاخانیش پێویستن بۆ ئەوەی بەشێوەی خێرا بازرگانی نێودەوڵەتی رێكبخەن.

لاخانی ئەوەی بە فاینانشیاڵ تایمز وتووە کە مووچەی ساڵانەکەی لە یەک ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٢٥٠ هەزار دۆلار کەمکراوەتەوە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە و بە گاڵتەشەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە کارمەندێکی خۆشبەختە.

 لاخانی لە کۆتاییدا وتوویەتی کە هیچ کاریگەرییەکی بەسەر بڕیارەکانی ئاشتی هەورامییەوە نییە، بەڵام ڕاوێژی پێدەکرێت و بە تایبەت لەگەڵ ڕاوێژکاری بازرگانی وەزارەتەکەی هەرێمدا ڕۆژانە پەیوەندیی هەیە و ڕێککەوتنەکانی ڤیتۆ کردووە لە ڕابردوودا.

 وتووشیەتی ''لە شەش بۆ حەوت مانگی داهاتوودا هەرێمی کوردستان چیتر پێویستی بە من نییە، دوای ئەوەی کە شتەکان جێگیر دەبن و هەرێم دەکەوێتە سەر پێی خۆی. دوای ئەوەش بەنیازم بچمە وڵاتی ئێران.''



PM:02:37:02/11/2015