ژماره‌ی قوربانییه‌کانی هێرشی شه‌وی رابردووی داعش بۆ سه‌ر بنکه‌ی پۆلیس و قائیمقامی شاری دوبز 20 که‌سه.
سه‌رچاوه‌یه‌کی ئه‌منی باڵا به سپی راگه‌یاند" به‌پێی دوا ئامار ژماره‌ی سه‌رجه‌م قوربانییه‌کانی شه‌وی رابردووی هێرشی چه‌کدارانی داعش بۆ سه‌ر بنکه‌ی پۆلیس و پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان و قائیمقامیه‌تی شاری دوبز 20 قوربانییه، 9 که‌سیان شه‌هیدن و 11 که‌سی تریش بریندارن".
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌که ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد ئه‌و 9 شه‌هیده له پۆلیس و ئاسایش پێشمه‌رگه پێکدێن، 11 برینداره‌که‌ش خه‌ڵکی مه‌ده‌نی تێدایه.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه ژماره‌ی کوژراوه‌کانی داعش هه‌شت چه‌کدارن، چواریان خۆکوژبوون و خۆیان ته‌قاندۆته‌وه.
شه‌وی رابردوو 11/3 له رێگای خۆکوژێکه‌وه هێرش کرایه سه‌ر بنکه‌ی پۆلیسی دوبز و دوای خۆته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و خۆکووژه، چه‌ند چه‌کدارێکی تری داعش بنکه‌ی پۆلیس و پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان و قائیمقامیه‌تی شاره‌که‌یان کۆنترۆڵکرد، دواتر خۆکوژێکی تر له رێگای ئۆتۆمبیلێکه‌وه خۆی به‌بازگه‌ی ( حی ته‌نه‌ک )ی نێوان دوبزو که‌رکوکدا ته‌قانده‌وه.
پاش شه‌ڕێکی دوو کاتژمێری پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و دژه تیرۆر، توانرا بینایه‌کانی پۆلیس و قائیمقام کۆنترۆڵبکرێنه‌وه.
له‌و هێرشه‌دا جگه له‌و قوربانییه گیانیانه، زیانێکی زۆر به بینا حکومییه‌کان و که‌لوپه‌له‌کانی ناوی که‌وتووه.