بارزانی: برایانی یەكێتی داوایان لێكردم لە پۆستەكەم بمێنمەوە
لەدیدارێك لەگەڵ سەرۆك عەشرەتو كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی دەڤەری گەرمیانو سلێمانی، مەسعود بارزانی دەڵێت جاری پێشوو بەتەما نەبووە لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
سەبارەت بەو دیدارەو قسەی كەسایەتییەكانی دەڤەری گەرمیانو سلێمانی لەگەڵ بارزانی، محەمەد حاجی مەحمود هارونی ؛كەسایەتی عەشیرەتی جاف و بەشداربوی كۆبونەوەكە؛ بە ڕۆژنامەی هاوڵاتی ڕاگەیاندووە، هەموو قسەیەكی دڵی هاوڵاتیانمان بۆ باسكرد، ئەوەشمان پێوت، كە ئەو كەسی یەكەمی حزبەكەیەتی، هەروەها كەسی یەكەمی هەرێمی كوردستانە و دەتوانێت وەزعەكە بەڕوی چارەسەركردندا ببات”.
سەبارەت بەهەڵوێستی بارزانیش، محەمەد حاجی مەحمود هارونی دەڵێت: "ناڕەحەتی پێوەدیاربوو لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان و سوتانی بارەگاكانی پارتی، وتی ئەوانەی ئەوەیانكرد هەڵەبوون بابچنەوە بەخۆیاندا".
یەكێكی تر لەو كەسایەتیانەی، كە بەشداریی لەو دانیشتنەدا كردوە، شێخ دلێر شێخ مستەفا ؛كەسایەتی ناوچەی قەرەداغ؛ بوو، ناوبراو ڕایگەیاند، "بە بارزانی-مان وت، تۆ بەرپرسیاری یەكەمی، دەتوانیت چارەسەری كێشەكان بكەیت، دەتوانیت كەم وەربگریت و زۆر ببەخشیت بە خەڵك".
شێخ دلێر ئاماژەی بەوەشكردووە، بارزانی لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی سوێندی خواردوە، كە جاری پێشوو بەتەما نەبوە لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە لە 30 حوزەیراندا، وتویەتی "برایانی یەكێتی ئەو داوایەیان كردوە، كە بمێنمەوە لەپۆستەكەمدا".
لەگەڵ ئەوەشدا، كە بارزانی ئاماژەی بەوەكردوە لەگەڵ مانەوەیدا نیە لەپۆستەكەیدا، بەڵام وتوشیەتی "بڕوام بە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم نیە، كە لەنێو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت".
بە وتەی شێخ دلێر شێخ مستەفا، بارزانی باسی لەوەكردووە، كە ئەو لەو پۆستەدا نامێنمەوە بەهیچ جۆرێك، بەڵام گۆڕان ئەوەندە ئیستفزازیان كردووە مەوزوعەكە هاتە سەرئەوەی بەزۆر دەرمبكەن، بەڕاستی ئەوە قابیلی قبوڵ نیە، شاریان تێكدا و ئاژاوەیان دروستكرد و دنیایان تێكدا.
PM:06:32:08/11/2015