پارتی: ئێمه‌ له‌ 70% بودجه‌ دابینده‌که‌ین بالایه‌نه‌کانی تریش 30% دابینبکه‌ن

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت" پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سیاسەتی نەوتدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە، چونكە توانیویەتی ٧٠%ـی بوودجەی هەرێمی كوردستانی پێ دابین بكات".

دڵشاد شه‌عبان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له‌سه‌ر لیستی زه‌رد به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حیزبه‌که‌ی راگه‌یاند" ئەوانەی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شكستخواردوو دەزانن، با هەموویان ٣٠%ـی بوودجەكەی دیكە دابین بكەن كە ئەو وەزارەتانەیان لایە سەرچاوەی دابینكردنی بوودجەن".

دڵشاد شەعبان ده‌ڵێت "سەبارەت بە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوو ئاراستە هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە هەرێم سەربەخۆیی ئابووری وەربگرێت كە پارتی لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدایە و، ئەوەی دیكە گەڕانەوەیە بۆ بەغدا كە جارێكی دیكە ببینە پاشكۆ كه‌ هەندێك لایەنی دیكە سەرپەرشتی ئەوە دەكەن بە بیانووی ئەوەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێ بوودجە دابین بكات، بۆیە بە سیاسەتێكی شكستخواردووی وەسف دەكەن كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە بوودجە و سیاسەتی نەوتی لە یەك جیان، چونكە بۆ دابینكردنی بوودجە پێویستت بە چەند سەرچاوەیەك هەیە، لەوانە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت و باجدانان لەسەر كەلوپەلەكان."

(شەعبان) وتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدا كردووە كە ڕۆژانە ٥٥٠هەزار بەرمیل نەوتیان ڕادەست بكات و، لە بەرامبەردا ملیارێك دۆلارمان پێ بدەن، بۆیە ئێمە بە لایەنی كەم پێویستیمان بە ملیارێك هەیە؛ ئێستایش داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان ٧٠٠ملیۆن دۆلارە و پارتیی دیموكراتی كوردستانیش كە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی لایە، توانیویەتی بەو سیاسەتەی نەوتی هەرێم ٧٠%ـی بوودجەی هەرێم دابین دەكەین، بۆیە ئەو لایەنانەی كە سیاسەتی نەوت بە شكستخواردوو وەسف دەكەن، با بە هەموویانەوە ٣٠%ـەکەی تری دابین بكەن، چونكە ئەو وەزارەتانەی دەبنە سەرچاوەی دابینكردنی بوودجە لای ئەوانن، وەكو دارایی و دەستەی وەبەرهێنان و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و كاروباری كۆمەڵایەتی."
ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی پارتی خۆی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت" "ناتوانن ئەو كارە بكەن و بە قسەكردنیش كار ناكرێت، بۆیە ئێمە وەكو پارتیی بەردەوامین لە كاری خۆمان و توانیومانە سەركەوتن بەدەست بێنین، چونكە ٧٠%ـی بوودجەی هەرێم بەنەوت دابین دەكەین."




PM:02:15:09/11/2015