د.ئەرسەلان بایز: حیزبەكان دەیانوت بارزانی شەرعی نیە كە چوونە لای‌و پێیانوت سەرۆك!

سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: دوو مانگ پاش درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی هەرێم، سەركردەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان چوونە لای بارزانی‌و پێیان وت: جەنابی سەرۆك.

د. ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرۆکی پیشووی پەرلەمانی کوردستان لە وتارێکدا کە میدیاکانی یەکێتی بڵێ‌ویان کردووەتەوە، رەخنەی لەهەرسێ حزبی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ گرتووە بەوەی لەکاتی ڕێککەوتنی ٣٠ی حوزەیراندا زۆر بە توندی دژایەتی ڕێکەوتنەکەیان کردووە و بارزانیان بە سەرۆکی نایاسایی و ماوە بەسەرچوو ناوبردووە.

بایز ئاماژەی بەوەش کردووە "هه‌ر دوای دوو مانگ له‌ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. هه‌رهه‌مان سه‌ركرده‌ی حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان، یه‌ك یه‌ك و، دوو دووو، سێ سێ، چوونه‌تە لای سەرۆکی هەرێم به‌ وته‌ی خۆیان (نا شه‌رعی، نا یاسایی، ماوه‌به‌سه‌رچوو) كۆبوونه‌وه ‌و پێ یان وت: جه‌نابی سه‌رۆك".

سەرۆکی پێشوی پەرلەمان ڕاشیگەیاندووە، بەشیك لە کادرانی یەکێتی لەکاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ئەویان تۆمەتبارکرد کە وادەی سەرۆکایەتی هەرێمی درێژکردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی پێشوی پەرلەمان دەڵیت ئەو بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی جێبەجێ کردووە و خۆشی باوەڕی تەواوی بە ڕێککەوتنەکە هەیە و لێی پەشیمان نییە .

بارزانی سالی ٢٠١٣ هەر دوو خولی سەرۆکایەتییەکی تەواو کرد کە یاسا رێی پێدابوو و وە خودی یەکێتی و پارتی ئەو یاسایەیان دانابوو وە لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دا. بەڵام لە سالی ٢٠١٣ و لەبەر ئەوەی لە یاساکەدا هاتبوو کە سەرۆک تەنها دەتوانێت تەنها دوو خول سەرۆک بێت و ویلایەتی هەر خولێکیشی چوار ساڵە، ئەوا یەکێتی و پارتی و پەنایان برد بۆ رێگایەکی تر.

ڕێگاکەش بریتی بوو لە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی بوو بۆ دوو ساڵی تر، بێ ئەوەی لەو کاتەدا ڕای خەلکی وەربگرن و بێ هەلبژاردن و بێ ئەوەی کاندیدی تر هەبێت لە پەرلەماندا، بەڵکو تەنها لەلایەن پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی لە ناو هۆڵی پەرلەماندا ویلایەتی سەرۆکیان بۆ دوو سالی تر درێژ کردەوە و بارزانی تا ۱۹ی ئابی ۲٠۱۵ بوەوە بە سەرۆکی هەرێم.




PM:03:58:11/11/2015