سەرۆکی پەرلەمان: هەوڵماندا پەرلەمان بەڕووی ڕاگەیاندنەکاندا کراوە بێت

د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت "ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بە هاوکاری فراکسیۆنە جیاوازەکان هەوڵماندا دەرگای پەرلەمان بەڕووی ڕاگەیاندنەکاندا کراوە بێت، تاڕادەیەکی زۆریش شەفافییەت لەکارەکانماندا هەبێت و بانکی زانیاریمان دامەزراند، بۆ بەخشینی زانیاریی لەبارەی کارەکانی پەرلەمان بە ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان ."

ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمان لەکاتی وەرگرتنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی شەش مانگی ڕابردووی کارەکانی پەرلەمانی کوردستاندا هات، ئەمڕۆ ٤ شەممە ١١-١١  لەلایەن ئینستیوتی  په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کرا. لە کۆبوونەوەیەکدا، د.سەروەر عەبدولڕەحمان سەرپەرشتیاریی ڕاپۆرتەکە وتی "ئەم راپۆرتە ئینستیوتەکەمان بەشێوەیەکی پیشەییانە و بێلایەنانە پێی هەڵساوین، ڕاپۆرتە بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بڵاو دەکەینەوە، کارەکانی شەش مانگی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستانمان لەڕووی یاسادان و چاودێرییەوە هەڵسەنگاندووە."

لەبارەی ڕووداوەکەی ١٢ی مانگی ڕابردووش، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەوە پێشێلکاریی یاساییە و شکاندنی شکۆی گەورەترین دەزگای یاسادانانە لە کوردستان."

دواتریش سەرۆکی پەرلەمان، وتی "هەر لەسەرەتای دەستبەکاربونمانەوە  لەگەڵ ئەوەدابووین دەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان، چاودێری وردی کارەکانی پەرلەمان بن، لەهەر شوێنێکدا کەموکورتی هەبێت ئاگادارمان بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە هەمو لایەکەوە هەوڵی چاکسازی بنەڕەتی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بدەین."



PM:04:52:11/11/2015