پارێزگاری سلێمانی لەسەر كەمیی نەوت بڕیارێكی گرنگ دەدات

بە بڕیارێكی پارێزگای سلێمانی ژمارەیەك بازرگان مۆڵەتی فەرمییان پێدراوە تا نەوتی سنوری پارێزگای سلێمانی دابین بكەن‌و وەك نەوتی بازرگانی بەنرخێكی دیاریكراو بە هاوڵاتیانی بفرۆشنەوە.

لەمبارەیەوە عەبدولخالق  محەمەد بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی بەتۆڕی هەواڵی سلێمانیی راگەیاند: لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی بۆ فراوانکردنی کاری بازرگانی و نەھێشتنی قۆرخکاری لەلایەن  ھاوڵاتیانەوە، پارێزگاری سلێمانی بڕیارێکی نوێی دەرکردووە.
وتیشی:"د. ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی، مۆڵەتی بە ١٣ بازرگانداوە تایبەت بۆ ھێنانی نەوتی سپی بۆ دانیشتوانی شاری سلێمانی".

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی، لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لەکۆمپانیا بازرگانیەکانی بواری سوتەمەنی، داواکاریان پێشکەشکردووە بۆ ھێنانی نەوتی  سپی و گاز لەدەرەوە، بەڵام وەکو ئەو وتی:"لەکۆی ئەو کۆمپانیایانە تەنھا مۆڵەت بە ١٣یان دراوە بۆ ھێنانی نەوتی سپی و گاز".

سەبارەت بەنرخی نەوت و گازیش کە ئەو بازرگانانە دەیھێننە سلێمانی، بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی وتی:"نرخەکە گونجاوەو ئامانجیش لەھێنانی نەوتەکە، بۆ نەھێشتنی قۆرخکاریی و دابەزینی نرخی نەوتە لەبازاڕدا".

لەبارەی ئەوەش ئاخۆ ئەو کۆمپانیایانە ناوخۆیین یان بیانیی، بەڕێوەبەرەکەی پارێزگای سلێمانی وتی:"سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە ناوخۆیین و بەھەمانشێوەی بەنزین، نەوتیش ھاوردە دەکەن و لەڕێگەی ئاسایشی ئابوری سلێمانیەوە چاودێریی دەکرێن بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرزنەکەنەوە".

سەبارەت بەوەش ئاخۆ ھیچ نرخێکیان دیاریکردووە بۆ کۆمپانیاکان، عەبدولخالق محەمەد وتی:"نرخەکان لەکۆمپانیایەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاواز دەبێت، بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی بازرگانی لەنێوان (٩٠ بۆ ١٢٠) ھەزار دیناردا دەبێت".




PM:02:14:26/11/2015