بایك داوای راپەڕینی خەڵكی باشوری كوردستان دەكات

جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كەجەكە راگەیاند دەبێت گەلی كورد لە باشوری كوردستان دژی دامەزراندنی هێزەكانی توركیا راپەڕن، نەك تەنیا بە پرۆپاگەندە، بەڵكو دەبێت لەهەموو شوێنێك راپەڕ‌و رێگە بەو كارە نەدەن.

بایك وتیشی ئەوەی لە باكور‌و رۆژئاوای كوردستان دژی كورد شەڕ دەكات ناتوانێت لەباشوری كوردستان دۆستی كورد بێت. دەبێت لەوە تێبگەین ئەمە تاكتیكی توركیایە‌و دەیەوێت یەكگرتوویی كورد لەناوببات‌و بەشەڕیان بدات.

هاوسەرۆكی كەجەكە وتی: دەبێت گەلی كورد لە باشوری كوردستان دژی دامەزراندنی هێزەكانی توركیا راپەڕن، نەك تەنیا بە پرۆپاگەندە، بەڵكو دەبێت لەهەموو شوێنێك راپەڕ‌و رێگە بەو كارە نەدەن، چونكە توركیا دەیەوێت باشوری كوردستان داگیر بكات‌و تەنانەت هەوڵ بۆ لەناوبردنی دەسكەوتەكانی باشوری كوردستانە.

جەمیل بایك لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵ ستێرك، وتی: توركیا شەڕێكی تەواوی دژی كورد‌و پەكەكە لەباكوری كوردستان دەستپێكردوە كە لەمێژووی توركیادا شەڕێكی لەوچەشنە دژی كورد رووینەداوە.

ئاماژەی بەوەدا كە توركیا هەر كارێك بكات ناتوانێت بەر بە راپەڕینی كورد بگرێت‌و لەناوی ببات‌و هەر هەوڵێكدا بدات خۆی لەناو دەچێت‌و چارەنوسی ئەرۆدغان‌و داودئۆغڵو لە كەسانی پێش خۆیان باشتر نابێت.



PM:02:35:18/12/2015