یەكێتی: دۆخی ئێستای ھەرێم ئۆباڵەکەی لەئەستۆی پارتیە
ئەندامێكی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئۆباڵی ئەو دۆخەی ئێستای هەرێم دەخاتە ئەستۆی پارتیو جەختیشدەکاتەوە، لەبەرژەوەندی گۆڕاندا نییە ئەم دۆخە بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە.
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمیدیاكانی حیزبەكەی راگەیاند، "بارودۆخی ئێستای ھەرێم ئۆباڵەکەی لەئەستۆی پارتیە، "چونکە بەئەنقەس دەیەوێت ئەم ھەلومەرجە بەردەوامبێت".
بەبۆچوونی فەرید ئەسەسەرد، لەبەرژەوەندی گۆڕان نییە ئەم دۆخەی ئێستا وەکو خۆی بمێنێتەوە، "بۆچوونەکان لەشەقام و لایەنە سیاسییەکانیش وایە، کە پارتی خۆی پێی باشە ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوامبێت".
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەپێویستی زانی، پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەری بکات و نەرمی بنوێنێت بۆئەوەی بتوانێت بۆخۆی لەگەڵ گۆڕان بەبێ لایەنی سێیەم دابنیشن و کۆبونەوە ئەنجامبدەن.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر پارتی ئەوەبکات، کارێکی باشدەبێت، وەکو وتی:"ئەگەرنا زۆرجار لایەنی سێیەم وەک یەکێتی و ھەندێکجاریش یەکگرتوو کە ھەوڵیانداوە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە، بەڵام ئەو دوو لایەنە دەرفەتیان بۆ نەڕەخساندین، لەبەرئەوە واباشە خۆیان کۆببنەوە، ئەگەرنا قەیرانەکان بەمشێوەیە بەردەوامدەبن".
PM:01:19:19/12/2015