ئەو خوێندكارانەی كورد نین، دەبێت فێری زمانی كوردی ببن

وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند ئەو خوێندكارانەی كە زمانی كوردیی زمانی دایكییان نیە، دەبێت فێری زمانی كوردی ببن.

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی فوئاد عەلیسەرۆکی لێژنەی دانانی وانەی خوێندنی زمانی کوردی بۆ زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کور ڕاگەیاند: ئەو خوێندکارانەی کە زمانی کوردی زمانی دایکیان نیەو، لە زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن فێری زمانی کوردی دەکرێن.

ئەو ڕاگەیاندنەی فوئاد عەلی سەرۆکی لێژنەی دانانی وانەی خوێندنی زمانی کوردی بۆ زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەیی لێژنەکەیاندا هات، کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتی (٢٢/١٢/٢٠١٥) لە هۆڵی (ڤیدیۆ کۆنفرانس) لە دیوانی وەزارەت بۆ خستنەڕوی ئاکامی کاری لێژنەکەیان و، خستنەڕوی وردەکاری وانەکە ڕێکخرابوو.


لەو چوارچێوەیەدا فوئاد عەلی وتی: لە ماوەی ڕابردودا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زاستی فرمانیدا بەپێکهێنانی لێژنەیەک بۆ ئامادەکردنی دانانی وانەی خوێندنی زمانی کوردی بۆ ئەوانەی کە زمانی دایکیان کوردی نیە، فوئاد عەلی ڕونیشیکردەوە وەزارەتەکەمان وەک پڕۆژەیەکی نەتەوەی لە بابەتەکە دەڕوانین، چونکە کوردستان فرە پێکهاتەیە، ئەم وانەیەش بۆ ئاشنا بونە بەکەلتورو کەلەپوری کوردی، لەهەمان کاتدا پڕۆژەکە سودی بۆ پڕۆژەی دەوڵەتی کوردیش دەبێت.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی لێژنەی دانانی وانەی خوێندنی زمانی کوردی دوای ئاماژەدان بەفێربونی زمانی کوردی و، گرنگی ئامادەکردنی ئەو وانەیە، ڕایگەیاند: ئەو وانەیە تایبەت کراوە بە فێرکردنی زمانی کوردی بۆ ئەو خوێندکارانەی کە زمانی کوردی زمانی دایکیان نیەو، لە زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن، وتیشیی ئەو وانەیە لە قۆناغی یەکەمی ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦)ەوە بەشێوەیەکی ناچارەکی (اجبار)ی لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێندرێت، ئاشکراشیکرد پرۆگرامەکەش بەم شێوەیە دەبێت:


1.     کۆ وانەیەک, کە (پیت، وشە، ڕستە و هەندێک بەشی ئاخاوتنی گرنگی زمانی کوردی) لەخۆ دەگرێت.


2.     پەرتوکێک، بەفراوانی زمانی کوردی ئاشنای ئەو خوێندکارانە دەکات، کە زمانی کوردی زمانی دایکیان نیە بەتایبەت بە پێکهاتەو تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی.


3.     ئەو وانەیە دەبێت بەزمانی کوردی بوترێتەوە، هەروەک پرسیاردانان بەزمانی کوردی دەبێت و، لەهەمان کاتیشدا لەلایەن مامۆستای بەشی زمانی کوردییەوە وانەکە دەوترێتەوە.


4.     ساڵی یەکەمی خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانەی کە ئەو وانەیە دەخوێنن، وانەی کوردۆلۆژی ناخوێنن، بەڵام ئەو خوێندکارانەی کە ئلمادەییان بەزمانی کوردی خوێندوە، دەبێت وانەی کوردۆلۆژی بخوێنن.


5.     ئەو وانەیە کۆنمرەی تەواوی لەسەرەو، تاقیکردنەوەکانیش ناوەندی (مرکزی) دەبێت.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فوئاد عەلی ڕاگەیاند: پڕۆژەکە لە دوو قۆناغ پێکهاتوە، ئەم قۆناغەیان تایبەتەتە بەخوێندکاران و، لەناو خوێندکارانیش بۆ قۆناغی یەکەم دەبێت، هەروەک لە ساڵانی داهاتودا ئەو خوێندکارانەش دەگرێتەوە کە لە قۆناغەکانی دیکەی خوێندنن، ئاشکراشیکرد کە بەڕێوەبەرایەتی زانکۆ تایبەتەکان لە دیوانی وەزارەت نوسراوی ڕەسمی ئاڕاستەی زانکۆ تایبەتەکان کردوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦)، ڕونیشیکردەوە کە قۆناغی دوەمی پڕۆژەکەیان بۆ مامۆستایانی زانکۆ دەبێت.


هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.جەمال کەمال لێژنەی دانانی وانەی خوێندنی زمانی کوردی وتی: لە قۆناغی دوەمی پڕۆژەکەماندا سەرجەم ئەو مامۆستایانەی کە زمانی دایکیان کوردی نیە، دەرفەتەمان پێداون تا خۆیان فێری زمانی کوردی بکەن، لەهەمان کاتدا فێربونی زمانی کوردی دەبێتە یەکێک لە مەرجەکانی گرێبەستی نێوان زانکۆ تایبەتەکان و مامۆستاکانیان، هەر مامۆستایەکیش خۆی فێری زمانی کوردی نەکات گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێنینەوە، ڕونیشیکردەوە ئەو مەرجە سەپاندن نیە، بەڵکو بۆ پێکەوەژیانە، ئاشکراشیکرد سەنتەرەکانی زمان دەبنە ناوەندێک بۆ فێربونی زمانی کوردی بۆ ئەو مامۆستایانەی کە زمانی کوردی زمانی دایکیان نیە.  


لە هەمان کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.کوردستان موکریانی ئەندامی لێژنەی دانانی وانەی خوێندنی زمانی کوردی بۆ زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان سەرباری دەستخۆشیکردنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بەرامبەر ئەو هەنگاوە گرنگەی بۆ بایەخدان بەزمانی کوردی ڕاگەیاند: زمانی کوردی بەقۆناغێکی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بۆیە ئەوەی لە توانامدا بێت بۆ خزمەتکردن بەو زمانە درێغی ناکەین.



PM:12:39:22/12/2015