هەدەپە ژمارەی شەهید‌و بریندارەكانی باكوری كوردستانی ئاشكرا كرد

كۆمسیۆنی ئەنفۆرماسیۆنی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) ئاماری تیرۆرەكانی حكومەتی ئاكپارتی‌و هێزە ئەمنییەكانی لەباكوری كوردستان راگەیاند. بەپێی ئەم راپۆرتە 54 منداڵ بەدەست هێزەكانی پۆلیس گیانیان لەدەستداوە.

لەبەیاننامەیەكی كۆمسیۆنی هەدەپەدا هاتوە "یەكەمین گەمارۆدان لە 16 ئاگۆست بە گەمارۆدانی شارۆچكەی "گمگم" لەباكوری كوردستان بەناوی "قەدەغكردنی هاتوچۆ" دەستیپێكرد. ئێستاش لەشارەكانی جزیرە، سلۆپی، نسێبین، سور، كربۆران هاتوچۆ قەدەغەیە‌و هاتنەدەرەوەی خەڵك لەماڵەكانیان قەدەغەیە.

لەبەیاننامەكەدا هەروەها هاتوە كە تا ئێستا 54 منداڵ لەباكوری كوردستان كۆمەڵكوژ كراون.

لەدرێژەی بەیاننامەكەدا هاتوە:

جزیرە
پێنجەمین قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە 14/12/2015 راگەیەنرا كە ئەمرۆ نۆیەمین رۆژیەتی. تائێستا بەگشتی 23 رۆژە خەڵكی ئەم شارۆچكەیە لەماڵەكانیان نەهاتوونەتە دەرەوە. لە مانگی 6ی 2015وە تا ئێستا 41 هاوڵاتی ئەم شارە كوژراون. لەدوا "قەدەغەكردنی هاتوچۆ" 8 كەس گیانیان لەدەستداوە.

سلۆپی
لەشاری سلۆپیش تا ئێستا سێ جار هاتوچۆی قەدەغە كراوە. دوایین جار لە 14/12/2015 بووە‌و ئێستاش لە نۆیەمین رۆژی خۆیدایە‌و ماوەی 12 رۆژە خەڵك نەهاتوونەتە دەرەوە. لەمانگی 6ی ئەمساڵەوە تا ئێستا 25 هاوڵاتی ئەم شارە بەدەستی هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون‌و لەدوا كۆمەڵكوژیشدا 12 كەس گیانیان لەدەستداوە.

نسێبین
لەمشارە بۆ حەوت جار قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە. لە دوایین جار لە 14/12/2015 دوا قەدەغەكردنی هاتوچۆ راگەیەنرا كە نۆ رۆژە بەردوامە. لەمانگی 6ەوە تا ئێستا 22 كەس گیانیان لەدەستداوە‌و لە دوا ئۆپەراسیۆنیش 2 كەسی دیكە بەگوللەی هێزەكانی پۆلیس گیانیان لەدەستداوە.

كربۆران
لەمشارە تا ئێستا دوجار هاتوچۆ قەدەغەكراوە كە 12 رۆژە بەردەوامە. تا ئێستا 3 كەس لەم شارە شەهید بوون كە دوانیان لە رۆژانی رابردوو بووە.

سور
شارۆچكەی سور لە پارێزگای ئامەد تا ئێستا 6 جار قەدەغەی هاتوچۆی تێدا راگەیەنراوە. تا ئێستا خەڵك 32 رۆژە نەهاتوونەتە دەرەوە لەمانگی 6ی ئەمساڵەوە 10 خەڵكی مەدەنی كوژراون‌و لەدوای ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەكان 5 كەسی دیكە تیرۆر كراون.

لەكۆتایی بەیاننامەكەدا هەدەپە دەڵێت تا ئێستا لە 7 شار‌و 18 شارۆچكە‌و دەیان گەڕەكی شارەكان 54 جار قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە‌و كە بەگشتی 200 رۆژ بەردوام بووە. لەئەنجامی ئەم توندوتیژییانە‌و هێرشی هێزە ئەمنییەكانی توركیا 103 كوژراون.




PM:10:10:22/12/2015