لە هەفتەی داهاتوودا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان، کۆدەبنەوە و بڕیارە لەسەر چۆنیەتی چاکسازییەکانی حکومەت و پرسی
بزووتنەوەی گۆڕان و پڕکردنەوەی وەزارەتەکانیان لە حکومەتدا تاوتوێ بکەن.
لەمبارەیەوە عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی
کوردستان، بە باسنیوزی نزیک مەسرور بارزانی ڕاگەیاندووە "کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی بەردەوام
دەبێت و دەبێت هەردوولامان لەسەر کۆمەلێک پرس گفتوگۆ بکەین، بەتایبەتی
ئەوەی پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە”.
ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لەوە کردۆتەوە کە بەشێک لە
تەوەری کۆبوونەوەکەیان، پرسەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و دۆخی سیاسیی
کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەبێت.
بەپێی زانیاریەکانی ئەو ماڵپەڕە، سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە
کۆبوونەوەکەدا، "فازڵ میرانی"، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەبێت و
"کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی”، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،
سەرۆکی شاندی یەکێتی دەبێت.