سپی هەنگاوەکانی پرۆژەی پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی ناو یەکێتی بڵاودەکاتەوە ( فۆتۆ)

ئەو پرۆژەیەی کەماوەیەکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سەرکردایەتی یەکێتی لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتییەوە کاری بۆ دەکرێت، هەنگاوی" باشی ناوەو بەرەو کۆتایی دەچێت".

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەسپی راگەیاند" ئەو پرۆژەیەی بەناوی " پێکهێنای دەستەی سەرۆکایەتیەوە" لەلایەن چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کە لەناوەڕاستی هەردوو باڵەکەدان، ئامادەکراوە هەنگاوی باشی ناوەو کۆتا هەنگاوی سازدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتییە کە وا بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا سازبکرێت".

دوا کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیە کە پێکهاتووە لە فەرید ئەسەسەردو بەرزانی ئەحمەد کوردەو سامان گەرمیانی و سیروانی کوێخا نەجم و شێخ لەتیف و پەروین کاکە حەمەو حامی حاجی غالی و چەتۆ ساڵح رۆژی ١/٤ یەکشەممە لەماڵی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆبوونەوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە کۆبوونەوەی لیژنەکە لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ " سەرکەوتوو بووە" و لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سازدەکرێت و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر پێکهێنانی ئەو "دەستەی سەرۆکایەتییە" دەدرێت.
بەپێی پڕۆژەکە دەستەی سەرۆکایەتی پێشنیار کراو پێکدێت لەهەردوو جێگری سکرتێرو دەستەی کارگێری و هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی. ئەو دەستەیە لەلایەن جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆسرەت رەسوڵەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

ئەو دەستەی سەرۆکایەتی دوو ئەرکی گرنگی دەبێت کە ئەوانیش، ئامادەکردنی رێکخراوەکانی یەکێتیە بۆ سازدانی کۆنگرە، لەگەڵ بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە هەنووکەیانەی لەم ماوەیەدا روبەڕووی یەکێتی دەبێتەوە.

لەلایەکی ترەوە وابڕیارە لەم دوو رۆژەدا جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی د. بەرهەم ساڵح کە لەدەرەوەی وڵاتە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کە ناوبراو لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵدا بە یەکێک لەباڵەکانی یەکێتی دادەنرێت، بەرامبەر باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد.

ئەو لیژنەیەی ئەو پرۆژەیەی سازکردووەو ماوەیەکە هەوڵە دیبلۆماسییەکانی بۆ نزیککردنەوەی هەردوو باڵ خستۆتە گەڕ  
  یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەماڵی چەتۆ ساڵح بەو پێیەی خاوەنی ٨ شەهیدە لە بەرواری ١٢/٢١ لە سلێمانی سازکرد، کۆبوونەوەی دووەمیان هەفتەی رابردوو لەماڵی شاڵاو عەلی عەسکەری کوڕی شەهیدی سەرکردەی ناسراوی ئەو حیزبە سازکرد، کۆبوونەوەی سێهەمیشیان لەماڵی کۆسرەت رەسوڵ رۆژی ١/٤ سازکرد، ئەمە جگە لەوەی چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ هەردوو باڵەکەو کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی سازکردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی سپی، ئەگەر لەمپەڕ دروستنەکرێت، لەرۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی مه‌کته‌بی سیاسی و دواتر سەرکردایەتی یەکێتی سازدەکرێت.
وێنەکە لە ئەکاونتی کادیری پشکەوتووی یەکێتی، چەتۆ ساڵح ەوە وەرگیراوە
   


PM:11:40:05/01/2016