روونكردنەوەی یەكێتی و گۆڕان‌و كۆمەڵ لەسەر قسەکانی حەمە فەرەج

فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق روونكردنەوەیەك لەسەر وتەكانی محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بڵاودەكەنەوە.

دەقی روونكردنەوەكە:

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە ووتەکانی بەڕێز مامۆستا محمد فەرەج ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، لە کەناڵی K24

لە بەرنامەیەکی کەناڵی K24 بەڕێز ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە ڕۆڵی نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران هەروەها وەزیرانی کورد  لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ، بۆ داکۆکی کردن لە بودجەو پشکی %17 ی هەرێم،  لە لایەکەوە ونوێنەرانی کورد و پەرلەمانتاران بەوە تۆمەتبار دەکات کە کارەکانی خۆیان بۆ ناکرێت ، لەلایەکی ترەوە واباس دەکات کە وەزیرەکان تەنها سەرقاڵی ئیفاد وسەفەرن، ئەوەی کە پەیوەستە بە رۆلی نوێنەرانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گفتوگۆکانی بودجەی ساڵی 2016 بە گرنگی دەزانین کە ئەو راستییە بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان ڕوونبکەینەوە  کە ئەگەر سووربوون وجدییەت وشەڕی زۆر قورسی ناو گفتووگۆکانی بودجە و رۆژی پەسەندکردنی یاسای بودجە ، لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنەکان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی و تێکڕای پەرلەمانتارانی کورد نەبوایە، ئەوا بێگومان پشکی هەریم بۆ لە %13 کەمدەکرایەوە.
لە کاتێکا نیگەرانین لە ووتەکانی و لە بەکەمگرتنی رۆلی نوینەران لەلایەن بەرێز ماموستا محمد فەرەجەوە ، پێمان وایە پێویست بوو بەڕێزیان لە ووردەکاری ئەو گفتووگۆیانە و ئەو هەوڵانەی بپرسییایە و دەست خۆشی لە تیکڕای نوێنەرانی کورد بکردایە.
پێمان وایە راستە لە کاتی گفتووگۆکانی بودجەدا جگە لە (د.جەمال کۆچەر) کەسی تر ئامادە نەبووە لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆیە جەنابی مامۆستا دەکرا بگەڕایەتەوە بۆ د.جەمال کۆچەر تاکە پەرلەمانتاری یەکگرتوو کە لە نزیکەوە ئاگاداری هەوڵەکان بووە ، واشی نابینین دکتۆر جەمال ئەو شایەتییەی بۆ ماندووبوونی نوێنەرانی کورد نەدابێت.
ئەوەی نوێنەرانی کورد کردویانە ئەرکە و هیچ منەتێکی تیدا نییە، بەلام گرنگە ڕاستییەکان روون بن ، سەبارەت بە ڕۆل وسەنگی کوردیش کە ئەمرۆ لە بغداد کەمبووەتەوە وه کاڵ بوەتەوە کە بە شێکی تری قسەکانی مامۆستایە، ئەوە غیابی ڕوئیا وستراتیژی بەشێک لە قیادەی ئەحزابی کوردییە کە دۆخەکەیان بە ئەمڕۆ گەیاندووە نەک ناکارایی  و نا ئامادەیی نوێنەران.
 

فراکسیۆنەکانی :
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان

6/1/2016



PM:05:02:06/01/2016