سەعدی پیرە: لیژنەی شەش كەسی بۆ سەركردایەتی یەكێتی نابێت

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێیوایە لیژنەی شەش كەسی بەواتای بێ لیژنەیی‌و بێ مەرجەعیە‌و دەڵێت یەكێتی پیویستی بەوەیە بە بڕیاری مام جەلال متمانە بەیەك بكەین.

سەعدی ئەحمەد پیرە، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی NRT دا، ڕایگەیاند "زۆر برادەر پێی وایە کە کۆنگرە دوادەخرێت پێویستە کەسێک دیاری بکەین بۆ سەرکردایەتی یەکێتی یان دوو کەس دیاری بکەین بۆ سەرکردایەتی یەکێتی واتا هاوسەرۆکی یان چوار کەس دیاری بکەین وەک دەستەی بەڕێوەبردن، من پێم وایە ڕەنگە یەکێتی پێویستی بە هەموو ئەوانە نەبیت".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتیشی "یەکێتی پێویستی بەوەیە بە بڕیاری مام جەلال متمانە بەیەک بکەین و لەسەر هەر کەسێک نیشاینەوە ئەوا ئیلتیزامی پێوە بکەین لیژنەی شەش کەسی نابێت ئەوە بێ لیژنەییە یانی بێ مەرجەعی، دوو خوا هەبووایە ئێستا شەڕە ئەستێرە بوو لە دنیا"

ناوبراو ڕایگەیاند کە دەکرێت یەکێتی و گۆڕان یەکبگرنەوە و هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ناکرێت دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بمێنێتەوە و ڕایدەگەیاند کە پڕۆژەیان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی هەرێم.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەبارەت بە پڕۆژەکەیان وتی "پرۆژه‌كه‌مان بابه‌تی‌ ناوخۆ و قه‌یرانی‌ ئابووری‌ و دارایی و باشكردنی‌ بارودۆخی‌ پێشمه‌رگه‌ و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ ناوخۆیی و شێوه‌ی‌ شه‌راكه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ عیراق و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌".

سەعدی ئەحمەد پیرە ڕاشیگەیاند کە هەمیشە یەکێتی ویستوویەتی لە ناوەڕاستی لایەنەکاندا بووەستێت و نەبێتە لایەنگیری هیچ لایەنێک لە کێشەکاندا.




PM:08:12:09/01/2016