میدیای بزووتنەوەی گۆڕان و هەڵسوراوەكانیان لەدوای كۆبونەوەكەی دوێنێی یەكێتی و پارتیەوە، كەوتونەتە رەخنەگرتن لەسەر هەڵوێستەكانی یەكێتی و بەپاشەكشە لەهەڵوێستەكانی پێشووی و نزیكبونەوە لەپارتی لەقەڵەمی دەەدەن.
عەدنان عوسمان هەڵسوراوی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێ" لە دوا كۆبونەوەی یەكێتی و پارتیدا كە تەنها حەوت دەقەی بۆ كێشەی گۆڕان و پەرلەمان تەرخان كرابوو، پارتی داوای كردبوو سەرۆكی پەرلەمان هەر لە رێگەوە دەستلەكاركێشانەوەكەی بنێرێت، یەكێتیش داوای كردبوو با مانگێك دوو مانگ بە سەرۆكی بمێنێتەوە لە ژێر ناوی تەتبیعدا پاشان بیگۆڕن. ئەویش تەنها لەو كاتەی كە پشوی پەرلەمانە!!!! دور و نزیك باس لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم نەكراوەو دڵنیاشم ناكرێت".
عەدنان عوسمان پهرلهمانتاری خوولی پێشووی ئهو حیزبه، دەڵێ " بەرپرسەكانی ئێستای گۆڕان مەفروز وایە ئەم مەسخەرەو نیفاق و درۆچنینەوەیەی هەندێك لایەن كۆتایی پێ بهێنن و ئامادەی گفتوگۆكردنی ئەم مەسەلەیە نەبن. ئەمە داوێكی تری هاوچەشنی هاوخەمیە نەزۆكەكەی لایەنەكانی سیستەمچێتی و پرۆژەی هاوبەشە كە لە نیوەی رێگا گۆرانیان بەجێ هێشت".
لەلایەكی ترەوە؛ سیروان رەشید میدیاكاری گۆران لەنوسینێكدا دەڵێت " سەركردایەتی یەكێتی (نەك جەماوەرەكەی) ئەگەر راستدەكاو بەجدی باوەری بە ئێكسپایەر بوونی ویلایەتەكەی بارزانی هێناوە!، با سبەینێ بەناوی مەكتەبی سیاسیەكەیەوە بەیانێك دەربكات كە؛ (ئیتر لێرە بەدواوە هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ، وەك جێگری سەرۆكی هەرێم مومارەسەی ئەو پۆست و ئەركە ناكاو دەستی لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كێشایەوە). جا ئەوكاتە باوەر بە جدییەتی هەوڵەكانی سەركردایەتی یەكێتی دەكەین".